چرکەساتی ئاگرەکەی حەمدانیە؛ 'بووە تاریکستان و کەس نەیدەزانی چی بکات'
رووداو دیجیتاڵ
سەلام دەچێتەوە سەر ئەو شوێنەی بووەتە مۆتەکەی ئەو و دەیان خێزانی حەمدانیە، خۆی و برا بریندارەکەی رزگاریان بووە، بەڵام تائێستاش چارەنووسی مامی، سێ ئامۆزای و پێنج خاڵۆزای نادیارە.
سەلام سەبیح لەنێو داروپەردووی هۆڵە سووتاوەکەی حەمدانیە قسەی بۆ کردم، گوتی، "پێش ئاگرەکە کارەبا کوژایەوە، دوای هاتنەوەی کارەبا بنمیچی دیکۆرەکە بووە یەک پارچە ئاگر، ئاگرەکە بەم دیوەوە هات، بە چەند چرکەیێک کارەبا کوژایەوە و بووەوە بە تاریکستان، دواتر هەریەکە و بەرەوشوێنێک رایدەکرد و کەس نەیدەزانی چی بکات، نۆ کەس لە خانەوادەی ئێمە ئێستا بێسەروشوێنن، نەخێر ئەمە رووداوێکی ئاسایی نییە بەهیچ شێوەیەک."
وەک نەریتی هەموو رووداوە دڵتەزێنەکان، چەندین لیژنەی تایبەت پێکهاتوون. تیمی لێکۆڵینەوەی بەڵگەی تاوانی نەینەوا چوونەتە نێو هۆڵەکە و بەدوای بەڵگەکاندا دەگەڕێن، دەیانەوێت بزانن هۆكاری گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی نزیکەی 150 کەسی دیکە چییە.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، بەکارهێنانی مادەی ئاگرینی قەدەخەکراو، پەککەوتنی ئامێری ئاگرکوژێنەوە و نەبوونی دەرگەی هەڵاتنی خێرا هۆکاری ئەو کارەساتەن.
هۆڵەکە ساڵی 2012 دروستکراوە و دوای شەڕی داعش نۆژەنکراوەتەوە. بنمیچە سەندویچ پەنێڵکەی هۆڵەکە و رازاندنەوەی بنمیچ بە کەرەستەی زووگڕگر رێخۆشکەربوون تاوەکو یارییە ئاگرینەکە هۆڵەکە بکاتە دۆزەخ بۆ میوانەکانی ئاهەنگەکە.
نزیکی ئاگرەکە لە دەرگەی سەرەکی و بچووکبوونی دەرگە لاوەکییەکە، ژمارەی قوربانییانی چەند هێندە زیادکردووە. کەسانێکی زۆر نادیارن و نێو هۆڵ تەنیا هەندێک پاشماوەیان دیارە. هەر ئەوە وایکردووە شینگێڕان لەکاتی ناشتنی تەرمەکان، هاواری ئازیزانی بێسەروشوێنیان بکەن.
ژنێک بە گریانەوە لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکان قسەی بۆ کردین، گوتی، "سێ کەس لە خانەوادەمان بێسەروشوێنن، پێنج لە خانەوادەمان لەدەستداوە، خودایە تۆ سەبووریمان بدەیت."
سێ رۆژە پەیتا پەیتا تەرم دەگەیێندرێتە گۆڕستانی قیامە، پێدەچێ بەهۆی دۆخی برینداران و نادیاریی ژمارەیەک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە، بەم زووانە دەنگی هاوار و گریان لەو گۆڕستانە کۆتایی نەیێت.