لەکاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سێ مووشەک لەبەردەم پەرلەمان کەوتنەخوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی کۆبوونەوەکانی بوو سێ مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزکرا و، لە بەردەم پەرلەمان کەوتنە خوارەوە، بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون. بەشێکی پەرلەمانتاران بەپەلە باڵەخانەی پەرلەمانیان جێ هێشت، بەڵام کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو.
 
کۆبوونەوەکە بۆ دوو ئامانج رێکخرا بوو، یەکەمیان دەنگدان بە دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کە رەتکرایەوە و وەک سەرۆکی پەرلەمان مایەوە، هەروەها دیاریکردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە موحسین مەندەلاوی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە کوردێکی فەیلییە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا. 
 
بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمە کرانەوەیەکی باشە کردنەوەی گرێکوێرەیە بۆ ئەو بەربەستەی کە دروستبووە لەماوەی رابردوودا کۆبوونەوەی پەرلەمان و ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار و ئەنجامدانی ئەو پرۆسەی هەڵبژاردنە رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆککۆمار لە داهاتوودا ئاسانتر بێت". 
 
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی فراکسیۆنی سەنەد دەڵێت، "پێویستە دانیشتنەکان بەردەوام بێت، چونکە چەندین بابەتی یاسایی ھەن پێویستیان بە پەسندکردن ھەیە، ھەروەھا رۆڵی پەرلەمان لە چاودێریکردن بۆیە ھەوڵی ئەوە دەدەین کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت، بەڵام یەکلاییکردنەوەی بابەتی سەرۆککۆمار زۆر پێویستە و بەردەوام بە برا کوردەکانمان دەڵێین کە پەلەبکەن لە یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە بۆ ئەوەی بەرەو پێکهێنانی حکومەت بچین".
 
هەرچەندە پەرلەمان دوای نزیکەی دوو مانگ دەستی بە کۆبوونەوە کرد، بەڵام هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ دووبارە پەکخستنەوەی لەکاتێکدا خۆپێشاندانەکان بەردەوامن، بەڵام هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی زۆرینەی نێو پەرلەمان لە ئامادەکاریی خۆیان نەوەستاون.