بزووتنەوەی نوجەبا: ئەگەر دەڵێن هێرش مەکەنە سەر ئەمریکا، با باڵیۆزخانەکەیان دابخەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بزووتنەوەی چەکداریی نوجەبای شیعە لە عێراق رایگەیاند، چاوەڕوانی هەڵوێستی لایەنەکانین سەبارەت بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، چەکە هەستیارەکان ئێستا بەردەستن.
 
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، کە ئەمریکا گرووپەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لە هەژماری خۆی لە تویتەردا رایگەیاند: "هێشتا چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی هەموو لایەنەکانین سەبارەت بەو مۆڵگە سەربازییە، کە سەروەریی عێراقی پێشێلکردووە، کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی بەغدا دایناوە، بەناوی باڵیۆزخانە".
 
ئەکرەم کەعبی دەشڵێ: ئامانجی باڵیۆزخانەی ئەمریکا "بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و تێکدانە لە عێراق".
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا سەرەتای ئەم هەفتە لە تویتێکی دیکەیدا رایگەیاند، بەئامانجکردنی "داگیرکەر" کارێکە ئایینە ئاسمانییەکان و نەگۆڕە رەوشتییەکان و پرەنسیپە نیشتمانییەکان رێگەیان پێداوە. نووسیووی "باڵیۆزخانەی ئەمریکا بنکەیەکی سەربازی زەبەلاحە لەنێو ماڵی خەڵکی بەڕێزی بەغدا، بۆیە داواکارین لە هەموو برایان کە داوا دەکەن نێردە دیپلۆماسییەکان نەکرێنە ئامانج، داوای داخستنی ئەو بنکەی مەشپێکردنە بکەن".
 
لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئەمریکا هۆشداری دایە حکومەتی عێراق و رایگەیاند ئەگەر حکومەتی عێراق رێگە لە هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا نەگرێت، رەنگە ئەو باڵیۆزخانەیە دابخات.
 
تاریق حەرب، شارەزای بواری یاسایی عێراق دەڵێت، "بوونی باڵیۆزخانەكان لە عێراق پرسێكی زۆر گرنگە لە بەدیهێنانی پێشڤەچوونی پەیوەندییەكان لە سەرجەم بوارەكاندا، بەگوێرەی یاسای دیپلۆماسی نێودەوڵەتیش، عێراق پابەندە بە پاراستنی  باڵیۆزخانەكان".
 
رێكەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندیە دیپلۆماسییەكان كە لە ساڵی 1961 واژۆكراوە، بنەمای یاسای دیپلۆماسییەو پارێزبەندی بەخشیوەتە دیپلۆماتكاران و ئەوانەی لەنێو باڵیۆزخانەكان كاردەكەن.