دوو توونێلی داعش لە نەینەوا دۆزرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دۆزینەوەی دوو توونێلی داعشی لە دوو ناوچەی جیاوازی رۆژئاوای نەینەوای راگەیاند، کە کۆگەی چەک و تەقەمەنی بوون.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، "لە دوو ئەرکی جیاواز و بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری، هێزێکی هاوبەشی هۆبەی هەواڵگریی فیرقەی 15ـی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی و، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمنی لە کەرتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دوو توونێل کە مافیاکانی داعش بۆ هەڵگرتنی چەک بەکاریان هێناوە، دۆزرانەوە."
 
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دوو توونێلەکە لە دوای گەڕان و پشکنین لە قەزای تەلەعفەر و ناحیەی تەلعەبتەی رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دۆزراونەتەوە. درێژیی هەریەک لەو دوو توونێلە جیاوازە، ژمارەیەک ژووری بچووک لە هەر یەکێکیاندا هەبووە بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی بەکارهاتوون.
 
رێکخراوی داعش لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014، هێرشی کردە سەر شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، دواتر هێرشیکردە سەر ژمارەیەک ناوچەی دیکە و، نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد. دواتر پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان خاکە داگیرکراوەکانی دەستی داعشیان کۆنترۆڵکردەوە و لە ساڵی 2017 کۆتایی داعش راگەیێندرا.