رووداوێکی دەگمەن؛ لە بابل دووانەیەک لەدایکبوون پێکەوە لکاون و 4 ئەندامی جەستەیان هاوبەشن

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی دەگمەندا لە نەخۆشخانەی ئیمام سادق لە پارێزگای بابل دووانەیەک لەدایکبوون، بەڵام بەیەکەوە لکاون، پزیشکێک لە نەخۆشخانەکە دەڵێت: "دەتوانین بڵێین تەنیا منداڵی یەکەمیان ئەندامانی جەستەی تەواون."
 
دووانەکە لە رەگەزی نێرن، لە بنەڕەتدا دوو منداڵن، بەڵام دڵ، گەدە، گورچیلە و سییەکانیان هاوبەشن، بۆ یەکەمجاریشە لە عێراق دووانەیەکی لەوشێوەیە دەگمەن تۆمار دەکرێت.
 
عەللا حوسێن جبوری، پسپۆڕی سڕکەر و چاودێریی چڕ لەنەخۆشخانەی ئیمام سادق رایگەیاند: "دووانەکە نێرن، یەکێک لەمنداڵەکان ئەوەی کە توانیمان پشکنینی بۆ بکەین و بیخەینە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، سورێنچک و سی تەواو و تایبەت بەخۆی هەیە، منداڵەکەی دیکە هەندێک شێواوی هەیە، بۆ نموونە لێوی کەروێشکی هەیە، لەهەمانکاتدا بۆری هەوای هەیە، بەڵام کۆتاییەکەی داخراوە. دەتوانین بڵێین، تەنیا منداڵەکەی یەکەم ئەندامانی جەستەی تەواوە."
 
کاتێک دووانەکان لە سکی دایکیاندا بوون لە تەمەنی سێ مانگیدا لە رێگەی پشکنینی سۆنەرەوە پزیشکەکان پێیان گوتوون: "دووانەکان بەیەکەوە نووساون، ئەوان ئازادن لەوەی بڕیار لەسەر منداڵەکانیان بدەن، لەباریان ببەن یاخود بیانهێڵنەوە."
 
ماڵباتی ئەو منداڵانە بڕیاریاندا کە "پرس بە مەرجەعی باڵای شیعە بکەن، کە فەتوایەکیان بۆ بدات لەسەر چارەنووسی ئەو دووانەیە، لە کۆتاییدا وەڵامی مەرجەع ئەوە بوو، کە ناتوانن لەباریان ببەن، چونکە رێگە پێدراو نییە و حەرامە، بۆیە بەم شێوەیە مانەوە هەتا کاتی لەدایکبوون."
 
ئەو لەدایکبوونە دەگمەنە، سەرنجی پزیشکانی پارێزگای بابلی بەلای خۆیدا راکێشاوە، دەیانەوێت توێژینەوەی زانستی لەسەر بکەن، لە هۆکار و چارەسەری بکۆڵنەوە.
 
ئەحمەد عەبدولحەلیم شەمەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمام سادق دەڵێت، "ئێستا دووانەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، لەلایەن هەموو پسپۆڕەکانی دڵ، پسپۆڕی منداڵ، پسپۆڕی هەناسەدان چاودێری تەواوی دەکرێت، خۆم سەرپەرشتیم کردوون. حاڵەتێکی دەگمەنە هەموان دەیانەوێت ئەو حاڵەتە بیبینن و لێکۆڵینەوە بکەن و تەواوی تواناکانیان بەکاربهێنن بۆ رزگارکردنی دوو منداڵەکە."
 
دایکی دوو منداڵەکە تەمەنی 22 ساڵە و ماوەی سێ ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئەمە یەکەم سکییەتی، لەگەڵ هاوژینەکەیدا پەیوەندییە خزمایەتیی نزیکیان نییە.