رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی هەینی خۆپێشاندان لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکڤان، رێکخراو و پارتی سیاسیی لە بەغدا بەڕێوەبچێت. یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەڵێت، "بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەیە، کە لە عێراقدا بێسەروشوێنکراون."
موسعەب ناسری، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی رۆژی هەینی، 30ـی ئابی گۆڕەپانی تەحریری بەغدایە، کە بڕیارە لە رۆژی جیهانیی قوربانییانی بێسەروشوێنکردن بەڕێوەبچێت، ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە رووداوی گوت، "ئێمە ژمارەیەک رێکخراو، چالاکڤان و پارتی سیاسیین و کاژێر 5ـی ئێوارەی رۆژی هەینی، خۆپێشاندانێکی گەورە بۆ ئاشکراکردنی قوربانییانی بێسەروشوێنکراو رێکدەخەین."
موسعەب ناسری گوتی، "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین چارەنووسی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات، کە لە سەردەمی رژێمی بەعس و قۆناخەکانی دوایی وەک کاتی شەڕی قاعیدە و شەڕی رێکخراوی داعش، بێسەروشوێن بوون."
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "بەگوێرەی رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بێسەروشوێنی لەسەر ئاستی وڵاتان هەیە."
بێسەروشوێنکردن لە عێراق لە چەندین قۆناخدا روویداوە و کراوە؛ قۆناخی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 1968 تاوەکو 2003 لەنێویاندا شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، جەنگی ئێران و عێراق لە ساڵی 1981 تاوەکو 1988، ئەو قۆناخەی کە رێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا تووندوتیژی زۆری کرد (2005-2007)، قۆناخی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی عێراق لە لایەن رێکخراوی داعش (2014 تاوەکو 2017).
بەپێی ئاماری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە 30ـی ئابی ساڵی 2023 بڵاویکردەوە، لە عێراقدا لەنێوان 250 بۆ یەک ملیۆن کەس لەساڵی 1968ـەوە بێسەروشوێنکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ