هەفتەی داهاتوو لە عێراق بە ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ چوونە حەج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو تیروپشکی چوونە حەج بۆ 3 ساڵی داهاتوو لە عێراق دەکرێت. بەرپرسێکی حەج و عومرە دەڵێت، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
شێخ دلێر بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری حەج و عومرەی کەرکووک، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 28-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، ناوی خۆیان بۆ حەج نووسیوە.
بڕیاربوو سبەی لە عێراق، تیروپشکی ناوی دەرچووان بۆ حەج بۆ هەر سێ ساڵی 2025 و 2026 و 2027 بکرێت، بەڵام شێخ دلێر بەرزنجی دەڵێت، پرۆسەکە بۆ رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، دواخرا و راکێشانی تیروپشکەکەش ئەلیکترۆنی دەبێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، هەر پارێزگایەک بۆ خۆی تیروپشک دەکات. بڕیارە تیروپشکەکەی کەرکووک لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت.
سەبارەت بە کەرکووک، یاریدەدەری بەڕێوەبەری حەج و عومرەی کەرکووک گوتی، "زیاتر لە 85 هەزار کەس لە کەرکووک داواکارییان پێشکێش کردووە. ساڵی رابردوو پشکی حەجی پارێزگاکە 1118 کەس بوو."
ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی نوێ بۆ چوون بۆ سعودیە بەمەبەستی حەجکردنی ساڵی 2025 تۆمار ناکرێت و تەواوی ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2023 و 2017 ناویان نووسیبوو، ناویان لە تیروپشکی حەجی 2025 دا دەبێت.
رۆژی 25-08-2024 بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانە، چونکە ساڵانی رابردوو خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی هاتنەوەی ناوەکانیان بوون بۆ حەج و ناویان دەرنەچوو."