لە قەزای بێجی دوو کوڕ و باوکێک لە ماڵی خۆیاندا کوژران و دواتر سووتێندران
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای بێجی چەند چەکدارێک هێرش دەکەنە سەر خێزانێک و 3 کەس دەکوژن، دواتر ئاگر لە جەستەیان بەردەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگاری سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر 10، لە گەڕەکی عەسریی لە قەزای بێجی باکووری پارێزگای سەڵاحەدین، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر ماڵێک و بە دەستڕێژی گوللـە باوکێک و دوو کوڕیان کوشت".
گوتیشی، "چەکدارەکان دوای کوشتنیان جەستەی هەر سێ کوژراوەکەیان سوتاندووە، جگە لەوەی جەستەشیان شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوەبووە و یەکێکیان بە دەست بەستراوی کوژراوە".
کوژراوەکان دوو برا و باوکێکن، کە ناویان "سەفا شاکر حەمید، مستەفا سەفا شاکر و عەبدولحەمید سەفا شاکر"ـە.
بە گوتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سەڵاحەدین، چەکدارەکان هەڵاتوون و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دۆزینەوە و دەستگیرکردنیان دەدەن، سەرجەم بازگەکانیش ئاگادار کراونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 21ـی ئەم مانگە، ژمارەیەک چەکدار بە جلی سەربازییەوە ھەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە قەزای سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و سەرجەم ئەندامانی خێزانێک کە 6 کەس بوون، لە ماڵەکەی خۆیاندا کوشت. خێزانەکە پێکهاتبوون لە دایکێک و پێنج منداڵی.
14ـی تەمووز، ئاژانسى هەواڵگرى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاند، "لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، 34 هەزار 979 فەرمانى دەستگیرکردنى جێبەجێکراون کە تایبەت بوون بە دۆسیەی تیرۆر و تاوانى دیکە، 10 هەزار و 620 چەکی بێمۆڵەتیش دەستیان بەسەردا گیراوە".