جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کۆبوونەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی کەرکووک تاوتوێکراون. 
 
رۆژی سێشەممە 27ـی ئاب 2024 نوح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق و ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری ئەو بەرەیە لە پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی کەرکووک کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی تورکمانەکانی عێراق".
 
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 28-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تورکیا وڵاتێکی زۆر گرنگە بۆ تورکمان. ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی عێراق. لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی کەرکووک باسکراوە".
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق گوتی، "تورکیا پشتیوانێکی بەهێزی تورکمانە لە عێراق. ئەو سەردان، دیدار و کۆبوونەوانە زۆر گرنگن و لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی دەردەکەون".
 
بە گوتەی ئایدن مەعرووف، "دۆخی کەرکووک زۆر هەستیارە. ستەمێکی گەورە لە تورکمان کراوە و دەبێ راست بکرێتەوە. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن بێ تورکمان کراوە و ئەوەش مەترسیدارە".