رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق، تەنیا ئەم ساڵ سێ تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە کە بەشی زۆری لە وڵاتانی دراوسێوە براوەتە نێو عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، حوسێن تەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 10 هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستگیرکراون کە بەشێکیان بازرگانی نێودەوڵەتین".
حوسێن تەمیمی گوتی، "هەر ئەم ساڵ دەست بەسەر نزیکەی سێ تۆن مادەی هۆشبەر و کارتێکەری ئەقڵیدا گیراوە، کە دیارترینیان کریستاڵ، حەشیش و حەبی کاپتاگۆن بوون و زۆربەیان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هێنراونەتە عێراق".
سەبارەت بە هاوئاهەنگیکردنیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق دەڵێت، "هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش هەیە. پێکەوە کار بۆ بنبڕکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو مادانە دەکەین".
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەری دەخەن، ساڵی 2022 نزیکەی 16 هەزار کەس و لە ساڵی 2023ـشدا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەگوێرەی مادەی 27ـی ژمارە 50ـی ساڵی 2017ـی یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک تاوانبار بێت بە هاوردەکردنی مادەی هۆشبەر بۆ نێو وڵات، بە زیندانیکردنی تاهەتایی یان لە سێدارەدان سزادەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ