رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە (ئۆپێک) گەیشتە بەغدا. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناوسراو بە ئۆپێک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن وەزیری نەوت و شاندێکی حکومییەوە پێشوازی لێکرا".
عاسم جیهاد گوتیشی، "سەردانەکەی ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوولایە و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە، گفتوگۆکانیشی لەگەڵ وەزیری نەوت و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای عێراق دەبن".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشدا، "ئامانج لەو سەردانە گفتوگۆکردنە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، جگە لە بەهێزکردن و فراوانکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس".
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە بە (ئۆپێک ناسراوە، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە 13 وڵات پێکهاتووە و لە 14ـی ئەیلوولی 1960 لەلایەن عێراق، ئێران، کوێت، سعودییە و ڤەنزوێلا دامەزرا).
رێکخراوەکە لە ساڵی 1965ـەوە بارەگای سەرەکیی لە ڤیەننای نەمسایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ