لە دیالە گەنجێک برایەکی 14 ساڵانی بە چەقۆ دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیالە، گەنجێکی 24 ساڵ برا بچووکە 14 ساڵانەکەى بە چەقۆ دەکوژێت. بەرپرسێکى پۆلیسی ئەو پارێزگایە دەڵێت "رووداوەکە بەهۆى کێشەى خێزانییەوە بووە و بکوژەکە دەستگیرکراوە."
28ـی ئابی 2023، عەقید هەیسەم شمەرى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: شەوى رابردوو (یەکشەممە، 27-8-2023) لە ناحیەى بوهروز، کوڕێکى لەدایکبووى ساڵى 1999 برا بچووکەکەى بە چەقۆ کوشتووە، کە لەدایکبووى ساڵى 2008 بووە."
عەقید هەیسەم شمەرى گوتیشى "رووداوەکە بەهۆی ناکۆکیى خێزانى بووە و لە ماوەیەکى کەمدا بکوژەکە دەستگیرکراوە و رادەستى لایەنى پەیوەندار کراوە، بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی."
بەپێی ئاماری وەزارەتى ناوخۆی عێراق، لە ساڵى 2022ـدا پێنج هەزار و 300 کەس لە عێراق لەسەر کێشەی جیاجیا کوژراون.