دادگەى فیدراڵى دوابڕیار لەبارەى یاسای هەڵبژاردنەکان دەدات

رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیارى کۆتایی لەسەر نۆ سکاڵا دەدات کە لەدژى هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکراون. یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت "چاوەڕوان دەکەین سکاڵاکانمان رەتبکرێنەوە."
 
دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق  ئەمڕۆ (دووشەممە، 28ـی ئابى 2023) کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەى دوابڕیار لەبارەى نۆ سکاڵا بدات، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزەر لەدژى هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراق تۆماریان کردووە. 
 
سکاڵاکارەکان پێکهاتوون لە پەرلەمانتاران، ئەیاد مالیکى، مستەفا سەنەد، باسم خەشان، محەممەد جاسم، ئەسوان سالم، دەرەید جەمیل، هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئاسۆ سدیق و سیهام فەیلی.
 
سکاڵاکان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقەوە یەکخراون، دژى پێنج بڕگە و مادەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى عێراقن کە لە 24ـی ئادارى 2023 پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەردا.
 
 باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق کە یەکێکە لە سکاڵاکاران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "رەشبینین لە ئەنجامى سکاڵاکە و ئەگەر هەیە سەرجەمیان رەتبکرێنەوە، چونکە چەند سکاڵایەکى دیکەمان لەسەر پەرلەمان دۆڕاندووە."
 
ئەو مادانەى تانەیان لێدراوە بریتین لە: بڕگەى شەشى مادەى یەکەم کە تایبەتە بە لیستى کراوە، مادەى دوو کە تایبەتە بەوەى یاساکە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان جێبەجێدەکرێت، کە لە 18ـی کانوونى یەکەم دەکرێت، مادەى 9 و 12 کە تایبەتن بە شێوازى دەنگدان بە بەربژێران و سیتسمى سانت لیگۆ بۆ هەژمارکردنى دەنگەکان و مادەى 51 کە یاساى پێشووى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەڵدەوەشێنێتەوە.