کازمی: لووتکەی بەغدا رۆڵی عێراق لە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان وڵاتان دەردەخات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی بەغدا رایگەیاند، "گرێدانی ئەو کۆنگرەیە لە بەغدا بەرجەستەی رۆڵی عێراق دەکات بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دونیا هەبێت کە لەسەر بنچینەی هاریکاری و تەواوکاری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و زاڵبوون بەسەر زمانی گفتوگۆ و هاوبەشی و رێزگرتنی بەرامبەر بونیادنرابێت".
ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021 کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە گوتارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "عێراق لە قۆناخی رابردوودا لەسەر ئاستی جیاواز رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە، بەڵام توانیی هەنگاوی فراوان بنێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە بە ئیرادەی گەلەکەمان و پێداگری لەکارکردن و ژیان لە پێناو داهاتووێک کە شایستەی بێت، بە یارمەتی سەرجەم برایەکانی و دراوسێیەکانی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، "لە بەرامبەر گەلەکەماندا بەڵێنماندا عێراق رۆڵی پێشەنگ لە ناوچەکەدا ببینێت بە ئیلهام بەخشین بە بنەماکانی ئاسایش و ئاشتی و هاریکاری و خواستی برەودان بە هاوبەشییەکان."
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ فراوانترین کۆبوونەوەیە کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کرابێت، "دوای چەند ساڵێکی دوورودرێژ لە ململانێ و ئاڵنگاری گەیشتین بەوەی رۆڵی مێژوویی عێراق یەکێک بێت لە هۆکارەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش بنچینەیەکی پتەومان دانا بۆ پێناسەکردنی ئەو رۆڵە، بە رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق وەکو گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دەستیپێکرد، رەتیشکردەوە کە لە خاکی عێراق دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ یەکێک لە دراوسێیەکانی."