رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە دوای ساڵی 2003ـەوە فراوانترین کۆبوونەوەی سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵاتە لە عێراق. ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە عێراق رۆڵی نێودەنگیری لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە ببینێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کاژێر 9:30ی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 28-08-2021، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دەگاتە کۆشکی کۆماری و لەلایەن د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لێدەکرێت و رێوڕەسمێکی تایبەت رێکدەخرێت. دواتر هەردوو سەرۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەمجام دەدەن.
بڕیارە لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێبکات و ماوەی 2 کاژێر بەردەوام دەبێت، سەرۆکی وڵاتان وتاریان دەبێت.
ئەوانەی تاوەکو ئێستا بڕیارە بەشداری لووتکەکە بکەن، بریتین لە هەریەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا - شا عەبدوڵڵا، پاشای ئوردن - عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، شێخ سەباح، سەرۆکوەزیرانی کوێت، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاییان، وەزیری دەرەوەی ئێران مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و نوێنەرانی ئیمارات و قەتەر.
لە دوای ساڵی 2003وە یەکەمجارە کۆبوونەوە و لووتکەیەکی فراوانی لەو شێوەیە لە بەغدا رێکبخرێت بە بەشداری سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی 9 وڵات، هەرچەند چاوەڕێی ئەوە دەکرێت لە پەراوێزی لووتکەکە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکرێت.
ئامانجی سەرەکیی بەستنی ئەم لووتکەیە، پەیوەندیی بە پرسی ئابووری، سیاسییەکان و ئەمنی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە هەیە.
بڕیاریشە ئیمانوێل ماکرۆن ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە هەرێمی کوردستانیش کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ