عەسائیبی ئەهلی حەق: پشتیوانی لە بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی عەسائیبی ئەهلی حەق رەتیدەکاتەوە سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئەو بەربژێرە بێت کە ئەوان پشتیوانی لێدەکەن، دەشڵێت پۆستەکە مافی سوننەکانە و ئەوان یەکلایی دەکەنەوە.
 
لەیس عەزاری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە قەیس خەزعەلی، سەرۆکایەتی دەکات، رۆژی یەکشەممە 28-07-2024 لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکسدا رایگەیاند: "بەپێی نەریتی سیاسی، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان شایستەی پێکهاتەی سوننەیە. کاردەکەین و ئومێد دەکەین سازانیان لەنێواندا هەبێت بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە."
 
ئەو بەرپرسەی عەسائیبی ئەهلی حەق رەتیدەکاتەوە ئەوان پشتگیری بەربژێرێکی دیاریکراو بکەن: "ئەوەی کە باسدەکرێت گوایە پشتیوانی لە یەکێک لە بەربژێرەکان دەکەین و بۆ ئەوەشە کە هاشتاگێک بەناوی 'ئەمین پەرلەمان بەڕێوەدەبات راست نییە و هیچ پێگەیەکی نییە."
 
بەشێک لە سۆشیاڵ میدیای عێراق لە دوێنێوە هاشتاگێکیان بڵاوکردووەتەوە بەناوی 'ئەمین پەرلەمان بەڕێوەدەبات'، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی قەیس خەزعەلی، کە ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە پشتیوانیی خۆی بۆ یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕیوە.
 
ئەو بڵاوکراوانەش دوای ئەوە دێت گوایە خەزعەلی لەگەڵ تەڵاڵ زەوبەعی، محەممەد حەلبووسی، کۆبووەتەوە و لەسەر تەڵاڵ زەوبەعی بۆ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان رێککەوتوون.
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵی رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بەتاڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامیێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.