رێکخراوێکی عێراقی: لە خۆپێشاندانەکانی تشرین 624 کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی هەموو زانیاری و بەڵگەنامەکان لەبارەی خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019، بۆ لێپرسینەوە لەوانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە.
 
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتێکدا کە تایبەتە بە قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019ـی عێراق کە بە 'خۆپێشاندانەکانی تشرین' دەناسرێت، رایگەیاند: "بەهۆی تەقەی هێزەکانەوە 624 کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرینەیان لە بەغدان، ئێمە لە رێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارییانەوە فیلمێکی دێکیۆمێنتاریشمان ئامادەکردووە و باسی کاریگەریی ئەو خۆپێشاندانە دەکەین کە لەسەر عێراق بەجێی هێشتووە."
 
رێکخراوەکە دەڵێت لە بە دۆکیۆمێنتکردنی رووداوەکانی خۆپێشاندانەکان بەردەوامین، دواتر بە راپۆرتێک سەرجەم وردەکارییەکان رووندەکەنەوە، چونکە ئەوەی ئێستا سەرەتای رێگەکەیە و هەموو زانیاری و بەڵگەنامەکان دەدەیە بەرپرسانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە بکوژان بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە.
 
دایکی نەمیر، ئافرەتێکی 50 ساڵەی دانیشتووی بەغدایە، بە رووداوی گوت: "کوڕەکەی من لەپێناو ئازادی، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی کوژرا، بۆیە لە دڵی من و عێراقییەکان شەهیدە، دەبێت بکوژان رادەستی یاسا و دادگە بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
خۆپێشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، دژی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دەستیانپێکرد.
 
خۆپێشاندەرانی تشرین ئەوکات داوای رووخاندنی حکومەت و گۆڕینی سیستمی سیاسییان دەکرد لەگەڵ گۆڕینی چینی سیاسەتڤان و لایەنە سیاسییەکان.
 
خۆپێشاندانەکە چەند مانگێک بەردەوام بوو. بە گوێرەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە گرژییەکاندا زیاتر لە 600 کەس کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان خۆپێشاندەر و چالاکڤان بوون.