وەزیرى موقتەدا سەدر لەبارەی خۆپێشاندانەکان: حیزبەکان پەیامەکەیان وەرگرت و دادگەش لێى تێگەیشت


رووداو دیجیتاڵ

ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر رایگەیاند: حیزبەکان پەیامى خۆپێشاندانەکانیان وەرگرت و دادگەش لێى تێگەیشت، دەڵێت: "کەمێک لە لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشدارییان لەو خۆپێشاندانەدا کردووە و ئەگەر بە هەموو قورسایی خۆمانەوە بەشداریمان بکردایە کە پێى ناسراوین دۆخەکە چۆن دەبوو؟" 
 
رۆژی 28ى تەممووزى 2022 ، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر راگەیێندراوێکى لەبارەى خۆپێشاندانەکانى 27ى تەممووزى بەغدا بڵاوکردەوە و، ئاماژەى بەوەدا کە ئەو خۆپیشاندانە "گەندەڵکاران و پاشەکەوتەکانى" ترساند و پەیامەکەى گەیشتە حیزبەکان و دادگەش لێى تێگەیشت.
 
ساڵح محەممەد عێراقى ئاماژەى بەوەداوە کە خۆپێشاندەرانى تشرین بەشدارییان لەو خۆپێشاندانە کردووە و بەشێکى کەمى لایەنگرانى رەوتى سەدر بەشداربوون و دەڵێت: "ئەى ئەگەر رەوتى سەدر بە هەموو قورساییە خۆیەوە بەشداریی بکردایە کە پێى ناسراوە دۆخەکە چۆن دەبوو؟" 
 
یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپێشاندانەکان گۆڕینى محەممەد شیاع سوودانى بوو کە بەربژێرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. 
 
وەزیرەکەى سەدر کە راگەیێندراوەکانى بە بۆچوونى سەرۆکى ئەو رەوتە دەزانرێت، رایگەیاند هاوکاریى هێزە ئەمنییەکان ئەوەندەى دیکە هێزى خۆپێشاندانەکان و سەربەرزییانى زیاتر کرد.
 
محەممەد ساڵح عێراقى لەبارەى خۆپێشاندانەکانەوە دەڵێت: "خۆپێشاندانى ئاشتییانە بوو، بوێر بوون و دڵیان بەهێز بوو، گوێرایەڵى سەرۆک بوون".
 
بە گوتەى وەزیرەکەى سەدر دەشێت یەکێک لە پەیامەکانى ئەو خۆپێشاندانە بۆ ئەو کەسانە بێت کە بە "ئاساییکەرەوەن و  لایەنگرانى ئاگربەست" بووبێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەس و لایەنانەى کە بە گوێرەی تێڕوانینی رەوتی سەدر لەدژى ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل نەوەستاونەتەوە.