لە عێراق 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، 19 کەناڵی تێلیگرام کە بانگەشەیان بۆ لەشفرۆشی دەکرد و هەزاران وێنەی ئافرەتی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق تێدابووە، داخران.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی پێشتر داواکارییەکم دایە وەزیری گەیاندنی عێراق، بۆئەوەی ئەو کەناڵانەی تێلیگرام کە کاری بەدڕەوشتی بڵاودەکەنەوە و سەرچاوەی مەترسیداری لەشفرۆشین لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابخرێن، بە سوپاسەوە 19 کەناڵ داخران."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری باسی لەوە کرد، "ئەو کەناڵانە بە هەزاران وێنەی ئافرەتی کورد و عەرەب و بیانییان تێدایە، بۆ بانگەشەی لەشفرۆشی بەکاردەهێندران. سوپاسی وەزیری گەیاندن و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو داخستنی ئەو کەناڵانە."
 
بەپێی نووسراوێک کە سۆران عومەر، 28ی مانگی رابردوو ئاراستەی وەزیری گەیاندنی کردووە، بەڵگەنامەی گرووپێکی هاوپێچ کردووە نزیکەی 350 هەزار ئەندامی تێدایە و دەڵێت، 18 گرووپی دیکەش هەن کە ناوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان هەیە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیان تێدایە، کەناڵەکانیش بە "سەرچاوەیەکی ئاسانی لەشفرۆشی" وەسف دەکات.
 
پەرلەمانتارەکە لە نووسراوەکەیدا دەڵێت، "بەو پێیەی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق، لەشفرۆشی و دەڵاڵی بۆ سۆزانییەکان قەدەخەن و یاسا سزای بۆ داناون، بۆیە لێپێچینەوە لەو بابەتە بکرێت."
 
دوای ئەو نووسراوە هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رۆژی 5ی ئەم مانگە نووسراوێکی بۆ دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کردووە و داوا دەکات، لەگەڵ کۆمپانیای تێلیگرام قسە بکەن بە مەبەستی داخستن و قەدەخەکردنی ئەو کەناڵانە کە بانگەشەی "لادان و تێکدان و بەدڕەوشتی" دەکەن.
 
پەرلەمانى عێراق لە 27ى نیسانی 2024 هەموارى یاساى بنەبڕکردنى لەشفرۆشیی پەسند کرد؛ هاوڕەگەزخوازى و چەند هەڵسوکەوتێکى دیکەى وەکو تاوان ناساند. یاساکە بە زیندانیکردن بە حەوت ساڵ ئەو کەسانە سزا دەدات کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن.