بەرپرسی ئاسایشی حەشدی شەعبی: دوورخستنەوەم بە فەرمانی ئەمریکا بوو

28-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای دوو رۆژ لەسەرکار لابردنی، بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی دەگەڕێندرێتەوە بۆ پۆستەکەی و دەڵێت: "بڕیاری دوورخستنەوەم بە ئاراستەکردن لەلایەن ئەمریکاوە بوو."
 
رۆژی 26ـی ئەم مانگە ئەبو زەینەب ئەللامی، بەرپرسی ئاسایشی حەشدی شەعبی کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکایە، بە فەرمانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و جێگرەکەی لە شوێنی دانرا. ئەمڕۆ ئەللامی لە روونکردنەوەیەکدا لە فەیسبووک بڵاویکردەوە کە پۆستەکەی پێشووی پێدراوەتەوە.
 
ئەبو زەینەب ئەللامی نووسیویەتی: "سوپاس و پێزانینم بۆ هەموو برایانم لە خزم و دۆستانم و ئەو شەریفانەی هەڵوێستێکی باشیان لەگەڵمدا هەبوو و لەو کاتە هەستیارە و بەهۆی ئەو بڕیارە ستەمکارانەی هەبوون، پشتم بوون. بڕیارەکان بە ئاراستەکردنی ئەمریکای داگیرکەربوو."
 
ئەبو زەینەب ئەللامی، یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، پێشتر لە سەرکردەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بووە، بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی 2019 تۆمەتبارە.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 6ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 خستییە لیستی "پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ"ـی پەیوەست بە کوشتنی خوپێشاندەرانی تشرینییەکان، بەمەش خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
 
ئەبو زەینەب ئەللامی، لەنێوان ساڵانی 2020 و 2021، یەکێک بوو لە یاریدەدەرانی ئەبوو مەهدی موهەندیس. ساڵی 1969 لە پارێزگای میسانی باشووری عێراق لە دایکبووە. لە دەزگای هەواڵگریی رژێمی بەعس بەرپرسیارێتی هەبووە. لە ساڵی 1986 بۆ ئێران هەڵات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت