تیکتۆک لە سێ مانگدا زیاتر لە 4.8 ملیۆن ڤیدیۆ لە عێراق دەسڕێتەوە

28-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە ماوەى سێ مانگدا زیاتر لە چوار ملیۆن گرتەى ڤیدیۆیی ئەو تۆڕەى لە عێراق سڕیوەتەوە، بە گوتەى بەڕێوەبەرى ئاسایشى ئەلیکترۆنی لە ناوەندى راگەیاندنى ژمارەیی عێراق ئەو رێوشوێنە بەهۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵى ساختە و دیمەنى تووندوتیژییەوە بووە.
 
ژمارەکە بە دیاریکراوی چوار ملیۆن و 888 هەزار و 941 ڤیدیۆ بووە، ئەوە بە گوێرەی ئامارێکی ناوەندی راگەیاندنی ژمارەیی عێراق. 
 
ناوەندەکە رێکخراوێکى ناحکومییە، چاودێریى زانیاری و داتاى تۆڕە کۆمەڵایەتى و ئەلیکترۆنییەکان دەکات و کار لەسەر ساخکردنەوەى ساختە هەواڵ دەکات. هەروەها ساڵانە ئامار لەبارەى بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکاتەوە.
 
سڕینەوەى ئەو چوار ملیۆن ڤیدیۆیە لەنێوان یەکى تشرینى یەکەمى 2023 بۆ 31ى کانوونى یەکەمى هەمان ساڵ بووە.
 
موئەمەل ئەحمەد شەکیر، بەڕێوەبەرى ئاسایشى ئەلیکترۆنی لە ناوەندى راگەیاندنى ژمارەیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سڕینەوەى ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بەهۆى پێشێلکردنى پێوەرەکانى تیکتۆک بووە، لەوانە بڵاوکردنەوەى هەواڵى ساختە و دیمەنى تووندوتیژى.
 
بەپێى ئامارى ناوەندەکە بێت، زیاتر لە 31.95 ملیۆن بەکارھێنەری تۆڕى کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە عێراق دا هەن، لە کاتێکدا ساڵى 2023 ژمارەى بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە 23.88 ملیۆن بووە.
 
شەکیر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئامارەى لەبارەى سڕینەوەى ڤیدیۆکان بڵاویان کردووەتەوە، لە کۆمپانیاى تیکتۆک وەریان گرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە