باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق دەستبەکاربوو

28-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغدا نامەی دەستبەکاربوونی رادەستی سەرۆککۆماری عێراق کرد.
 
ئەمڕۆ هەینی 28ـی حوزەیرانی 2024، لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هەواڵی دەستبەکاربوونی ئانیل بۆرا ئینان وەکو باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، رۆژی 27ـی مانگ ئانیل ئینان بۆرا، دوای ئەوەی نامەی متمانەی دەستبەکاربوونی لەلایەن فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پەسند کرا، نامەکەی رادەستی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد. 
 
رێوڕەسمەکە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو و  گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کرا و لەتیف رەشید هیوای سەرکەوتنی بۆ ئینان لە ئەرکە نوێیەکەیدا خواست.
 
رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری دانانی ئانیل بۆرا ئینان بە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
 
ئانیل ئینان، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق بوو لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و بووە شوێنگرەوەی عەلی رەزا گونەی کە سێ ساڵ باڵیۆزی تورکیا بوو لە بەغدا.
  
گۆڕانکارییەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 1ی ئایاری 2024ش ئەرمان تۆپچو وەکو کۆنسووڵی گشتیی نوێی تورکیا لە هەولێر دەستبەکار بوو، ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی 21ی شوباتی 2024 کۆتایی بە ئەرکی محەممەد مەولوود یاقوت وەکو کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر هات.
 
تورکیا جگە لە باڵیۆزخانەکەی بەغدا، کۆنسووڵخانەی لە هەولێر، موسڵ و بەسرە هەیە و پلانی هەیە کۆنسووڵخانەش لە کەرکووک و نەجەف بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە