پێشنیازێک بۆ پاراستنى کەمپى جەدعە دەدرێتە پارێزگارى نەینەوا

28-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشنیازێک دەدرێتە پارێزگارى نەینەوا بۆ شێوازى پاراستنى کەمپى جەدعە، کە کەسوکارى چەکدارانى داعشی تێدایە.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا ئەو پێشنیازەى داوەتە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگار بۆئەوەى پرسی شێوازى پاراستنى کەمپى جەدعە یەکلا بکرێتەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکاندا."
 
کەمپى جەدعە تایبەتە بە پرۆسەى شیاندنەوەى ئەو خێزان و کەسوکارانەى چەکدارانى داعش کە لە کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، تاوەکو دواتر بچنەوە زێدى پێشووى خۆیان لە پارێزگاکانى عێراق.
 
محەممەد کاکەیی ئاماژەى بەوە دا، پێشنیازەکە بەو شێوەیە، ئاسایشى نیشتمانى لەناو کەمپەکە نووسینگەیان هەبێت بۆ کاروبارى هەواڵگرى، پۆلیسی خۆجێیی دەوازەى کەمپەکە بپارێزێت و سوپا لە دەوروبەرى کەمپەکە بێت.
 
کەمپى جەدعە دەکەوێتە سنوورى ناحیەى گەیارە لە باشوورى موسڵ، گەڕاندنەوەى کەسوکارى داعش بۆ ئەو کەمپە لە ساڵى 2021ـەوە دەستیپێکردووە.
 
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى، "ئێستا هێزى دیکەى ئەمنى هەن رۆڵیان لە پاراستنى ئەو کەمپە هەیە، لەوانە پۆلیسی فیدراڵى. پێشنیازەکە بۆ قۆناخى دواى رادەستکردنى بەرپرسیارێتیى ئەمنیى شارەکەیە لە سوپاوە بۆ پۆلیس، بۆئەوەى شێوازى پاراستنى کەمپى جەدعە دیاری بکرێت."
 
ژمارەى ئەوانەى ئێستا لە کەمپى جەدعەن، گەیشتووەتە زیاتر لە 3000 کەس، کەمپەکە لەژێر سەرپەرشتیى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراقدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە