لە سێ مانگدا نزیکەی 2000 پیاو لە عێراق ژنی دووەمیان هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە عێراق مامەڵەی هاوسەرگیرییان بۆ زیاتر لە 61 هەزار کەس کردووە، 1900 کەسیش ژنی دووەمیان هێناوە.
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ئامارەکانی سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکان بێت، دادگەی پێداچوونەوە 19 هەزار و 515 دۆسیەی یەکلا کردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، دادگەکانی تاوان لە کۆی 15 هەزار و 396 سکاڵا، 12 هەزار و 932 سکاڵایان یەکلا کردووەتەوە، دادگەکانی نەوجەوانان لە کۆی 2696 سکاڵا، 2399 سکاڵایان یەکلایی کردووەتەوە.
دادگەکانی بەراییش لە کۆی 131 هەزار و 888 سکاڵا، 95 هەزار و 31 سکاڵایان یەکلایی کردووەتەوە، لە دادگەکانی لێکۆڵینەوەش 291 هەزار و 533 دۆسیە و لە دادگەکانی کەتنیش 45 هەزار و 905 سکاڵایان یەکلایی کردووەتەوە.
بەپێی ئەنجوومەنی دادوەری، 61 هەزار و 735 مامەڵەی هاوسەرگیری کراون، لەوانەش 1930 مامەڵەیان هاوسەرگیریی دووەم بووە.
ئیمان شەریفی، پارێزەری باری کەسێتی لە دادگەکانی بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێنانی ژنی دووەم لە عێراق، جگە لە پێویستی هەندێک و بوونی پاساوی گونجاو، بۆ پیاوسالاری دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی پێشێلکردنی مافی ژنی یەکەمی تێدایە، یاساش رێگری لەو کارە ناکات."