700 هەزار دۆلار لە هێڵی ئاسمانی عێراق دیارنامێنێت

28-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نێوان هێڵی ئاسمانیی عێراقی و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بڕی 700 هەزار دۆلار لە هەژمارەکانی ئەو هێڵە دیارنەماوە و ساختەکاری کراوە. پەرلەمانتارێکیش داوا لە دەستەی دەستپاکی دەکات لێکۆڵێنەوە لە هەژمارە بانکییەکانی هێڵەکە و کۆمپانیایەکی دیاریکراو بکات. 
 
بەپێی چوار نووسراو کە لەنێوان بەرپرسانی هێڵی ئاسمانیی عێراق کە کۆمپانیای گوێزەرەوەی سەرەکی ئاسمانیی حکومەتی عێراقە ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، بڕی 700 هەزار دۆلار جیاوازی لە هەژمارە بانکییەکانی هەیە و دووبارە نووسراوەتەوە.
 
مانگی ئاداری ئەم ساڵ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری دارایی هێڵی ئاسمانی عێراق نووسراوێکی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە کردووە و دەڵێت: "جیاوازی لە هەژمارەکە لە مانگی ئابی ساڵی 2023 هەیە. بانکی عێراقی بۆ بازرگانی پێیان راگەیاندین ئەو مۆر و نموونانەی لەلای ئێوەیە هی لقەکەمان نییە، ئەوەش هۆکاری جیاوازییەکانی نێو هەژمارەکەیە".
 
لە 9ـی مانگی ئایاری ئەم ساڵیش سێ نووسراوی هێڵەکە کە دوای نووسراوکردنە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکی رەشید، دەریدەخەن بڕی 700 هەزار دۆلار [70 دەفتەر دۆلار] دیارنەماوە و بە نووسراو دووبارە کراوەتەوە.
 
پارەکە بە سێ بەش دیارنەماوە، جارێکیان 200 هەزار دۆلار، دوو جاری دیکە هەر جارێکیان 250 هەزار دۆلار بووە.
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 3ـی ئەم مانگە لە نووسراوێکدا کە بۆ دەستەی دەستپاکیی ناردووە، داوایکردووە لێکۆڵینەوە بکەن لەبارەی جیاوازی و گومانی ساختەکاری لە هەژماری نێوان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای "ش".
 
هێڵی ئاسمانی عێراقی گەورەترین هێڵی ئاسمانی عێراقە، خاوەنی 43 فڕۆکەیە، لە چوارچێوەی وەزارەتی گواستنەوە کارەکانی دەکات.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 247 لێکۆڵینەوە و وردبینیی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە و 26 کەسیان دەستگیرکردووە، زۆرترین بەرپرسی دەستگیرکراو لە پارێزگای میسان بووە و لە کەرکووکیش هیچ بەرپرسێک دەستگیرنەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.