گرووپێکی عێراقی داوای داخستنی باڵیۆزخانەی سوید دەکات

28-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سوێد قورئان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گروپێکی عێراقی بەناوی "جوڵانەوەی ئەنساری قورئانی پیرۆز" رایگەیاند، رۆژی هەینی داهاتوو، لە دژی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی، لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا گرددەبنەوە، داواش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات، باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دابخات و ستافەکەشی لە عێراق دەربکات.
 
شەوی چوارشەممە 28-6-2023، گرووپێکی عێراقی بەناوی"جوڵانەوەی ئەنساری قورئانی پیرۆز" راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بڵاوکردەوە و تێیدا دوای ئاماژەدان بە ئایەتێکی قورئانەوە دەڵێت: "جوڵانەوەی ئەنساری قورئانی پیرۆز داواتان لێدەکات بۆ گردبوونەوەیەکی ناڕازی لەبەردەم باڵیۆزخانەی وڵاتۆچکەی سوید لە بەغدا وەکو ناڕەزایی دەربڕین لە دژی سووتاندنی کتێبی پیرۆزی خودا، کە هەوڵێکە بۆ هەراسانکردنی هەستی مسوڵمانان و دەستدرێژیکردنە سەر پیرۆزییەکانیان."
 
جووڵانەوەکە کە هێشتا دیارنییە کێن و لەکەیەوە لە عێراق دروستبووە، لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت: "پێویستە لەسەر ئەو دەوڵەتۆچکە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و بیروباوەڕەکانی بگرێت، باش بزانێت کردنە ئامانجی قورئانی پیرۆز بە ئاسانی تێناپەڕێت."
 
گرووپەکە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکات، "باڵیۆزخانەی ئەو دەوڵەتۆچکە دابخات و ستافەکەی دەربکات". هەروەها داوا لە خەڵک دەکات کاژێر پێنجی ئێوارەی رۆژی 30-6-2023 لە کۆڵانی تەنیشت وەزارەتی دەرەوە لە ساڵحییەی ناوچەی عەلاوی لە بەغدا گردببنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2023 گەنجێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی سوید قورئانی سووتاند.
 
سەلوان کە پەنابەرێکی عێراقیی بە بنەچە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، رۆژی پێنجی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند چاوەڕوانی رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکان دەکات بۆ ئەوەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید قورئان بسووتێنێت و گوتی جاری داهاتووش لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئان دەسووتێنێت، بەڵام رۆژی 10ـی شوبات لەلایەن پۆلیسی سویدەوە داواکەی رەتکرایەوە، رۆژی 14ـی شوبات داوایەکی خستە بەردەم دادگەی فیدڕاڵی لە ستۆکهۆڵم بۆ رازی بوون لەسەر بابەتەکە.
 
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبڕاڵی و عەلمانی و بێ ئاین دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتی سریانییە لەساڵی 2014 بۆ 2018، ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سویدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

پارێزگای دیالە بۆ فەرمانبەران: ئاگاداری مووچەکانتان بن نەدزرێت

بە ژمارەی نەناسراو پەیوەندی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای دیالەوە دەکرێت. گوتەبێژی پارێزگاکە هۆشداری دەداتە کارمەند و مووچەخۆران و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک فریو نەخۆن، ئەگەرنا مووچەکانتان دەدزرێت.