رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى تایبەتى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەرى پەرلەمانى عێراق، پێشنیاز دەکات پشکنینى ناچاریی مادەى هۆشبەر بۆ چەند چین و توێژێک بکرێت و لە هەموارى یاساى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان جێگەى بکرێتەوە.
یاساى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانى عێراق کە لە ساڵى 2017 کارا بووە، ئێستا لە لیژنەیەکى کاتییە و لیژنەکە هەوڵەدات بەهەمان ناوەوە لە پەرلەمانى عێراق هەمواری بکاتەوە. بڕیارە مەرجى ئەنجامدانى پشکنینى تایبەت بە ئالودەبوونى مادەى هۆشبەر، بۆ چەند چین و توێژێک زیاد بکرێت.
28ـی حوزەیرانى 2023 ماجید شنگالى، ئەندامى لیژنەى بنەبڕکردنى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەموارکردنى یاساى مادەى هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانى عێراق، لە قۆناخى کۆتاییدایە کە بەهاوکارى لەگەڵ هەردوو لیژنەى تەندروستى و ئاسایش و بەرگرى یەکێک لەو مادانەى بۆى زیاد دەکرێت ئەوەیە؛ پشکنینى مادەى هۆشبەر بکرێت بۆ خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگەکەکان، ئەوانەى کە تازە دادمەزرێن، ئەوانەى هاوسەرگیری دەکەن، لەگەڵ ئەو کەسانەى داواى وەرگرتنى مۆڵەتى شۆفێرى و هەڵگرتنى چەک دەکەن.
ماجید شنگالى گوتیشى "گرنگتر لەو پشکنینانە، ئەو سیستمەیە کە پشکنینەکەى پێدەکرێت؛ دەبێت ورد و خێرا بێت و لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانیش دابنرێت".
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500ـیان ژن یان مێرمنداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ