18 ساڵە زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە عێراق تەواو نەکراون

رووداو دیجیتاڵ

گەندەڵى، دۆخى ئابوورى، رۆتین و کێشەى یاسایی، هۆکارى تەواونەکردنى زیاتر لە هەزار پڕۆژەن لە عێراقدا، کە بەشێکیان لە ساڵى 2006 بڕیاریان لێدراوە و تائێستا بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.
 
مەحما خەلیل، سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "زياتر لە 1400 پڕۆژەى خزمەتگوزارى، تەواونەکراون، بەشێکیان گەندەڵیی گەورەیان تێدایە، بەشێکى دیکەیان بەهۆى کەمتەرخەمییەوە دواکەوتوون، بەشێک لەو کۆمپانیایانەش کە پڕۆژەکانیان پێدراوە، لەئاستى پێوستدا نەبوون".
 
لەدواى سڕکردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ساڵى 2019، دۆسیەى پڕۆژەکان لە پارێزگاکانەوە گەڕێندرانەوە بۆ وەزارەتى پلاندانان.
 
عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "بەرلە پێکهێنانى حکومەتى ئێستا، 1452 پڕۆژەى تەواونەکراو هەبوون، دواى پێکهێنانى لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتى پلاندانان و دیوانى چاودێریى دارایی لەسەر ئەو پڕۆژانە، کێشەى هەندێکیان چارەسەرکران، بەڵام هێشتا 1036 پڕۆژە کێشەى دواکەوتنیان ماوە".
 
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانى عێراق ئاماژەى بەوەدا؛ بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵى 2024 رێژەی 90٪ـی ئەو پڕۆژانە جێبەجێبکرێن.
 
پڕۆژە تەواونەکراوەکان تایبەتن بە کەرتەکانی تەندروستى، کشتوکاڵ و ئاودێرى، ئاوەڕۆ، کارەبا، کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتییانەوە هەیە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "پڕۆژە هەیە لە عێراق پارەکەى وەردەگیرێت بەبێ ئەوەى پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت. چەندین پڕۆژەى دیکە هەن کە مۆڵەتەکەیان لەسەر بنەماى ئەو حیزبە وەردەگیرێت کە وەزارتەکەى بەدەستەوەیە، یان لەسەر بنەماى گرووپێکى چەکدار کە سنوورداریان کردووە و دەبێت ئەو بوارە بۆ ئەوان بێت و مۆڵەتەکان وەردەگرن و دەفرۆشنەوە، کاتێک دەگات بەو لایەنەى پڕۆژەکە جێبەجێدەکات، ئەوەندەى بەرتیلی داوە، ناتوانێت پڕۆژەکە جێبەجێ بکات".
 
سۆران عومەر گوتیشى  "لە سەرانسەرى عێراق 100 هەزار مۆڵەت بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان وەرگیراون، بەڵام پێنج هەزاریان جێبەجێکراون و زەویشیان بۆ وەرگیراوە".
 
لە 26ـی حوزەیرانەوە یاساى بودجە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەکۆى 199 تریلیۆن دینارى پارەى بودجەکە، 66 تریلیۆن دینارى بۆ کەرتى وەبەرهێنانە.