هەڵمەتی پاککردنەوەی موسڵ لە خۆڵ و خاشاک کارەکانی بەرەوی کۆتایی دەچێت
رووداو - موسڵ
گەورەترین کەمپەین بۆ پاککردنەوەی شەقامە وێرانبووەکانی موسڵ لە خۆڵ و خاشاک دەستیپێکردووە.
سەدان شۆڤڵ و لۆری لە هەڵگرتن و بارکردنی پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکان بەشدارن. پارێزگاری نەینەوا بەیاوەری ژمارەیەک پاسەوان کەمپەینەکەی بەسەرکردەوە.
نەوفەل حەمادی سوڵتان، پارێزگاری نەینەوا دەڵێت "سەرەتا تەنانەت نەماندەتوانی بە پێ بەنێو ئەم شەقامانەدا تێپەڕین، بەڵام بە بەکارهێنانی کەمتر لە 500 ئۆتۆمبێل کە هەریەکە و کارێک دەکات، لە مانگی رەمەزان کەمپەینەکەمان راگرت، ئێستاش دەستمانپێکردووەتەوە و دوایین ناوچە لە خاشاک و خۆڵ پاکدەکەینەوە".
دانیشتووانی موسڵ دەڵێن، سوودی پاکی شەقامەکان چییە گەر خەڵک لە دۆخێکی خراپدابژین و هێشتا دەربەدەری کەمپەکان بن.
سەباح مەحموود، دانیشتووی موسڵ گوتی "نامانەوێت لەو خاشاک و خۆڵە رزگارمان بکەن، کارەبامان دەوێت، ئاومان دەوێت، دەمانەوێت خانووەکانمان نۆژەنبکرێنەوە. منداڵەکانمان لە حەسەن شام دەربهێنن. پەڕێشانن سەر شێواون، دوێنێ لە حەسەن شام بووم بەڕاستی لە دەردەسەریدا دەژین، تەنیا دەمانەوێ بگەڕێینەوە سەر ماڵ وحاڵمان."
لەنێو دانیشتوانی موسڵیشدا هەن زۆر دڵخۆش و گەشبینن بەو کەمپەینەی حکومەتی عێراق دەستیپێکردووە.
وەلید نەقیب، دانیشتووی موسڵ موسڵ دەڵێت "ئەو رۆژانەی داهاتوو بە ویستی خودا خێزانەکانیش دەگەڕێنەوە لای چەپ و لای راست، بە ویستی خودا هەر پیاوێک و خێزانی خۆی لەگەڵدادەبێت، بە ویستی خوا ئاو و کارەباش دێنەوە".
موسڵ بەشێک بوو لەو شار و شارۆکچانەی بەهۆی شەڕی سەخت لە دژی داعش وێرانبوون. بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی ناوچە وێرانبووەکان عێراق پێویستی بە 88 ملیار دۆلار هەیە، بەڵام لە کۆنفرانسی کۆمەککردنی عێراق لە کوەیت تەنیا 30 ملیار دۆلار کۆکرایەوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود