رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق پەیامێکی بەناوی "پەیامی ماڵئاوایی" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "عەسای سیحراویمان لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە."
لە بەشێکی پەیامەکەیدا جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق سەرسامیی خۆی بە بەخشندەیی و میوانداریی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، کە "هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە، دانەبڕاون."
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی UN بۆ عێراق دەڵێت، "لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم."
"هەرچەند سوپاسگوزاری دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە رێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە،" ئەمەش بەشێکی دیکەی ئەو قسانەیە کە لە "پەیامی ماڵئاوایی" پلاسخارتدا هاتووە.
جێنین پلاسخارت ئاماژەی بەوەش کردووە، "هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوور بووە لە رەخنەکان - هەندێکیان رەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی رێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو رێکخراوە چی دەگەیەنێت، تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین."
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە "وەك زۆر جار گوتوومە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان."
دەقی پەیامەکەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق
پەیامی ماڵئاوایی لە جێنین هێنیس-پلاسخارتەوە
لەکاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە؛
ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان روون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە رووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ رۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم. هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ پیشەگەرانەکان بەرز دەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و رێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی رۆژانەیان وەلا دەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سوپاسگوزاری دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە رێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە. هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوور بووە لە رەخنەکان - هەندێکیان رەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی رێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو رێکخراوە چی دەگەیەنێت، تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین. وەك زۆر جار وتوومە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکیی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە. دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە. هەربژی عیراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ