خشتەکانی بودجە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناچار بە کۆبوونەوە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی دەکرێت.
 
مەحموود حەییانی، ئەندامی هاوپەیمانێتیی فەتح کە هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 و ئەو تێبینییانەی لەسەری هەیانە لە بەغدا کۆببنەوە."
 
روونیشیکردەوە، "بەشێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی تێبینییان لەبارەی ژمارەیەک لە بڕگە و ژمارەکانی نێو ئەو خشتەیە هەیە کە لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە."
 
بە گوتەی ئەو، زۆربوونی خەرجییەکان، بودجەی پارێزگاکان و میکانیزمەکانی دابەشکردنی داهاتەکان بەسەریاندا، لەگەڵ کورتهێنان و چەند تەوەرێکی دیکەی ورد لەنێو خشتەکاندا، زۆرترین قسەیان لەبارەوە دەکرێت."
 
لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، کە بڕیارە بە ئامادەبوونی بەشی زۆری سەرکردەکانی بەڕێوەبچێت، محەممەد شیاع سوودانی بانگهێشت کراوە بۆئەوەی گوێی لە تێبینییەکان بێت و روونکردنەوە بداتە لایەنەکان؛ بەتایبەت ئەو بڕگانەی بەشێک لە لایەنەکانی هاوپەیمانێتییەکە دژایەتیی دەکەن.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، لە هێز و پارتەکانی شیعە جگە لە موقتەدا سەدر پێکدێت، بەشی زۆری ئەو لایەنانە بەشێکی زۆری حکومەتی عێراق پێکدەهێنن.
 
دوێنێ دووشەممە 27ی ئایاری 2024 دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراق، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مووچە لە خشتەکانی بودجەی 2024 گەرەنتی کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، محەممەد شیاع سوودانی، وردەکاریی ئەو خشتانەی بۆ پەرلەمانی ناردووە، پێشتر بۆ سەرکردەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەناردووە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ زۆریی ئەو تێبینییانەی بەشێک لە لایەنەکانی لەبارەی خشتەکانەوە چوارچێوە هەیانە.
 
خشتەکانی بودجەى 2024، رۆژی 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران. 
 
لە خشتەی بودجەکەدا خەرجیی ئەم ساڵ بە 211 تریلیۆن و 861 مليار و 312 مليۆن و 504 هەزار دينار دانراوە، لەکاتێکدا داهاتى پێشبینیکراو، 147 تریلیۆن و 836 هەزار و 655 ملیۆن و 889 هەزار دینارە، بەوپێیە بڕى کورتهێنانى بودجە دەگاتە 64 تریلیۆن دینار و، زیاتر لە 300 ملیار دینارى کەمترە لە ساڵى رابردوو.