سەرۆککۆماری عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانی پەسندکرد؛ 112 رۆژ پشووی فەرمییە

28-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆککۆماری عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانی لە عێراق پەسندکرد. لەپاڵ رۆژانی هەینی و شەممە، 16 رۆژ بەبۆنەی جەژنە جیاجیاکانەوە پشووە. لە ساڵێکدا دەکاتە 112 رۆژ. دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانی لە عێراق پەسندکرد.
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 22-5-2024، پەرلەمانی عێراق رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکانی پەسندکرد. 
 
یاساکە ناکۆکیی لێکەوتەوە، دیاریکردنی رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی کۆچی بە پشووی غەدیر، لە دیارترین ئەو خاڵانە بوو کە بەشێک لە پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر هەبوو. بەگوێرەی یاساکە پشووە فەرمییە گشتیییەکان بریتین لە:
 
- هەموو هەینی و شەممەیەک
- 1ـی موحەڕەم، سەری ساڵی کۆچی
- 10ـی موحەڕەم، کوژرانی ئیمام حوسێن رۆژی عاشوورا
- 12ـی رەبیعولئەوەل، لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)
- 1-3ـی شەوال، جەژنی رەمەزان
- 10-13ـی زیلحیجە، جەژنی قوربان
- 18ـی زیلحیجە، رۆژی غەدیر
- 1ـی کانوونی دووەمی سەری ساڵی زایینی
- 6ـی کانوونی دووەمی یادی دامەزراندنی سوپا
- 21ـی ئادار جەژنی نەورۆز
- 16ـی ئادار، یادی تاوانەکانی بەعس دژی خەڵکی عێراق لە هەڵەبجە و ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان 
- 1ـی ئایار، جەژنی کرێکارانی جیهانی
 
پێشتر رۆژی 9ی نیسان، بەبۆنەی رووخانی سەدام، 14ی تەممووز بەبۆنەی رووخانی سیستمی پاشایەتی، 17ـی ئۆکتۆبەر بەبۆنەی شکاندنی داعش و 25ی کانوونی دووەمیش بەبۆنەی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا پشوو بوون، بەڵام ئەو پشووانە لە یاسا نوێیەکەدا نین. 
 
16ی ئادار کرا بە پشوو بۆ یادی تاوانەکانی بەعسی سەدامی دەرهەق بە خەڵکی هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کوشتنی زانایان و پارتەکان.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی یاساکەوە بە رووداوی گوت: "یاساکە دوای پەسندکردنی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە و دوای ئەوە هەر جەژن و پشوویەک هەبێت لەم ساڵدا و بۆ یەکەمجار زیاد کرابێت دەگرێتەوە، لەنێویاندا جەژنی غەدیر."
 
هەروەک لە یاساکەدا پشووی تایبەت بە پێکهاتەکان دیاریکراون کە تەنیا بۆ ئەوان پشووە:
 
- کریستیان:
لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا (د.خ)
رۆژی جەژنی گەورە
دووەم: موسەوی
رۆژی کەفارە
رۆژی جەژنی رۆژ
رۆژی جەژنی چەتر
 
- سابیئە:
5 و 6ی نیسان جەژنی بنجە
7 و 8ی ئاب جەژنی گەورە
23ی تشرینی دووەم جەژنی بچووک 
رۆژی جەژنی وەهنە و لمافە
 
کوردانی ئێزدی:
یەکەم هەینی مانگی کانوونی یەکەم
یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی رۆژهەڵاتی
23-30ی ئەیلوول رۆژهەڵاتی
18-21ی تەممووزی رۆژهەڵاتی
 
یاساکە دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پشووی فەرمیی کاتی بۆ بۆنە تایبەتەکان رابگەیێنێت کە لە 7 رۆژ زیاتر نەبێ. هەروەها دەتوانێ بڕیاریش لە دووبارە گەڕانەوەی دەوامی رۆژانی شەممە بدات. 
 
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە. ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی 'غەدیرخەم' کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و مێژووەدا نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.