موقتەدا سەدر: باڵیۆزخانەی ئەمریکا دابخرێت و باڵیۆزەکەشی دەربکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بە 'گەمژە' ناودەبات و، داوا دەکات دەربکرێت، هەروەها باڵیۆزخانەکە بە رێکاری دیپلۆماسی دابخرێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و دژایەتیی خۆی بۆ رەفتارەکانی لە غەززە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل نیشاندەدات، لەو چوارچێوەیەشدا داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەکات.
سەدر دەڵێت "ئەوەی بەنی سەهیۆن لە پاکتاوی رەگەزی و جینۆساید و بۆردوومانکردنی کەمپەکانی رەفەح دەیکەن، شێوازێکی روونە لە دژایەتیکردنی سەرجەم ئایینە ئاسمانییەکانی ئیسلام، مەسیحی و یەهودی."
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، کە ماوەیەکە لە رێگەی نیشاندانی هەندێک هەڵوێستی سیاسیی و ئایینی، دەیەوێت دوای زیاتر لە ساڵێک بێدەنگی، بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، دەشڵێت "بەنی سەهیۆن بریتییە لە تیرۆریستانی خراپەکار دژی ئاسمان و ئایینەکان، بەوپەڕی لووتبەرزییەوە خوێنی سەرجەم ئایینەکان دەڕێژن."
هەروەها ئیسرائیل بە "قەوارەیەکی داگیرکار" دەناسێنێت کە بە گوتەی ئەو، خاوەنانی نیشتمانی دەرکردووە و، بە رۆژهەڵات و رۆژئاوا فراوانتر دەبن.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بۆ جاری دووەم لە دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمەی دوایی بۆ سەر غەززە، دەڵێ هەموو ئەو کارانەی ئیسرائیل دەیانکات لە غەززە و لە "داگیرکردن"ـی رووبەری زیاتری زەوی بە پشتیوانی ئەمریکا و جۆ بایدنی سەرۆکی دەکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەدر دەڵێ "داواکارییەکەم دووبارە دەکەمەوە بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکە بە رێگە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان، بەبێ رشتنی خوێن، بۆ ئەوەی رەوشت و ئاشتیخوازیمان لەبەرامبەر تیرۆر و خراپەکارییان نیشانبدەین."
موقتەدا سەدر داوا لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی دەکات 'رۆڵی کارای خۆیان لە کۆتاییهێنان بەو کوشتوبڕە بگێڕن، کە لە غەززە روودەدات.' و، دەڵێت 'بێدەنگیمان بەسە.'
شەوی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە دەستپێکرد. تەندروستیی غەززە رایگەیاند "لە کوشتارگەکەی رەفەح" 45 کەس لە ئاوارەکان کوژران؛ 23ـیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون و 249 کەسی دیکە برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێ فڕۆکەیەکی جەنگییان هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی حەماس، "کە جموجۆڵیان تێدا هەبووە."
پێش جەنگ، ژمارەی دانیشتووانی رەفەح 275 هەزار کەس بوو، ئێستا بەهۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە، بووەتە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس.