رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رەزامەندیی لەسەر زیادکردنی بودجەی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە دا و پەرلەمانتارێک دەڵێت، نەخۆشخانەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێمەکان جێبەجێ کراوە و لە تەواوبووندایە.
رۆژی سێشەممە 28-05-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، تێیدا ژمارەیەک بڕیاری پەسند و دەرکرد، یەکێکیان زیادکردنی پارەی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە بوو.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەخۆشخانەکە لە تەواوبووندایە، رۆژی 01-08-2023 نووسراوی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست، بە مەبەستی تەواوکردنی نەخۆشخانەکە و دابینکردنی ئامێر و کەرەستە و پێویستییەکانی.
لەوبارەیەوە رۆژی 03-08-2023 سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوی بۆ وەزیری تەندروستیی عێراق کرد. سۆران عومەر دەڵێت، ئەوکات هەندێک کێشەی کارگێڕی و دارایی هەبوو، چارەسەر کراوە و ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە داوە؛ پرۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دروست دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 07-10-2021 دروستکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. بە ئامادەبوونی هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین؛ دکتۆر دیار ئیبراهیم رەمەزان، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی راپەڕین؛ حوسین مەحموود، قایمقامی رانیە؛ شێروان میرزا، ئەندامی ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە رێوڕەسمێکدا شوێنی دروستكردنی نەخۆشخانەكە رادەستی كۆمپانیای جیبەجێكار كرا، بۆ مەبەستی دەستپێكردنی پرۆژەكە.
دەبوو پرۆژەکە لە ماوەی 540 رۆژدا تەواو بکرایە؛ تێچووەکەی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینارە و نەخۆشخانەیەکی دوو نهۆمییە.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پەسندکردنی راسپاردەی وەزارەتی پشەسازی و کانزاکان بوو، کە 50% گومرگی سەر هەر کیسەیەکی چیمەنتۆی زیاد کرد، بڕیارەکە بۆ چوار ساڵە بەبێ داکشان. لەگەڵ چاودێریکردنی بازاڕی خۆجێیی لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەو رسومە گومرگە نوێیەدا. ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی دەڵێت، ئەو بڕیارە بۆ پاراستن و پشتیوانییە لە بەرهەمی ناوخۆیی.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پلانی کشتوکاڵیی هاوینەی بۆ وەرزی 2023 - 2024 پەسند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ