بەرگریی شارستانیی عێراق: زیاتر لە 100 ئاگرکەوتنەوەمان لە کێڵگەکانی دانەوێڵە تۆمارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و 244 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکانی عێراق هەبوون؛ زیاتر لە 100ـیان لە کێڵگەکانی دانەوێڵە بوون.
نوئاس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى رۆژنامەڤانیى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە، هەزار و 244 ئاگر لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق بێ هەرێمی کوردستانیشەوە کەوتوونەتەوە. ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو، کەمی کردووە."
نوئاس سەباح شاکر گوتی "پەیوەست بە سووتانی دانەوێڵە، بەتایبەت گەنم و جۆ، ئەمساڵ زیاتر لە 100 رووداومان تۆمارکردووە. پارێزگای نەینەوا زۆرترینی تێدا بووە کە 20 ئاگرکەوتنەوە بووە؛ کەرکووک و سەلاحەدین بە 15 رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دانەوێڵە لە پلەی دووەم دێن؛ لە بابلیش 11 رووداو روویانداوە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە 927 پڕۆژەی سەرپێچیکار رەوانەی لیژنەی یەکلاییکردنەوە کراون کە بە قسەی ئەو، دادگەیەکی بچووککراوەیە لەنێو بەرگریی شارستانی و، بەپێی مادەکانی 20 و 21ـی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ـی ساڵی 2013 لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات.
نوئاس سەباح شاکر رایگەیاند "ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ پێبژاردنیان بۆ کراوە 509 سەرپێچیکار بوون؛ 515 سەرپێچیکاریش رەوانەی دادگەی کەتنەکانی کەرخ، رەسافە و پارێزگاکان کراون."
ساڵی رابردوو لە پارێزگاکانی عێراق 21 هەزار و 24 ئاگر کەوتوونەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر ژمارەکە 32 هەزار و 477 بوو.
بەرگریی شارستانی دەڵێت، لە ساڵی رابردوودا توانیویانە بەهۆی کارەکانیانەوە لە رێگریکردن لە رووداوی سووتان، زیاتر لە 411 ملیار دینار و 501 ملیۆن دینار رزگاربکەن.