کەسێک لە نەجەف خۆی وەک باوکی بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانی دەناسێنێت و دەستگیردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک تۆڕی فێڵکردن و دەستگیرکردنی 11 تۆمەتباری راگەیاند. یەکێکیان خۆی بە "باوک"ـی بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناساندووە.
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "کەسێکمان لە بەغدا دەستگیرکردووە، کە خۆی وەکو باوکی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناساندووە و لە فەرمانگەکانی حکومەت بەزۆر، پارەی لە خەڵک وەرگرتووە."
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، خەڵکی نەجەفە و دانیشتووی هەمان پارێزگەیە، بە هاوکاریی ئاسایشی نەجەف لەلایەن ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکراوە.
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەر لە نەجەف کەسێکی دیکەیان دەستگیرکردووە کە خۆی بە کوڕی بەرپرسێکی باڵای دەوڵەت ناساندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە؛ پێنج کەسی دیکەیان لە پارێزگاکانی کەربەلا، دیالە، واست، دەستگیرکردووە، کە خۆیان بە بەرپرسی حکومەت ناساندووە و لەو رێگەیەکەوە فێڵیان لە هاووڵاتیان کردووە و بەڵێنی دامەزراندنیان پێداون.
جگە لەوەش چوار کەسی دیکە دەستگیرکراون خۆیان وەک "پزیشکی پسپۆڕ" ناساندووە و لەو کاتەی کاری پزیشکییان کردووە لە نۆرینگەکانیاندا لە بەغدا، کەربەلا و میسان.
سەرجەم دەستگیرکراوەکان بەپێی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوان، رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنە تایبەتمەندەکان کراون بۆ ئەوەی "بەسزای خۆیان" بگەن.