دادگەی فیدراڵی سکاڵای بودجە و مووچەخۆرانی کوردستانی بۆ حوزەیران دواخست

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی تایبەت بە خەرجکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان و پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ مانگی حوزەیران دواخست. سکاڵاکار دەڵێت "هەموو بەڵگەنامەکانم پێشکێشکردووە و چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی دەکەم."
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دواخستنی سکاڵایەکی دا، کە لەلایەن پارێزەرێکەوە لە دژی پێنەدانی بودجەی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق هاتووە، تۆمارکراوە. دادگەکە سکاڵاکەی بۆ رۆژی 9ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخست.
 
سکاڵاکە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت تۆمار کراوە.
 
لە سکاڵانامەکەدا، کە لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ تۆمارکرا و تاوەکو ئێستا دوو جار دواخراوە، سکاڵاکار داوایکردووە، دادگەکە سکاڵالێکراوان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی مادەکانی (13،12،11،1)ـی یاسای ژمارە 13ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025.
 
ئازاد دۆسکی لەبارەی سکاڵاکەوە بە رووداوی گوت "سکاڵاکە بۆ ئەوەیە بودجەی کوردستان خەرج بکرێت، چونکە ئەگەر حکومەتی عێراق پشکی کوردستان بنێردرێت وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هەیە، کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران چارەسەر دەبێت؛ بۆیە داوامکردووە حکومەتی عێراق 12.67% کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت."
 
ئەو مادانەی لەلایەن ئەو پارێزەرەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە پەیوەستن بە پشک، خەرجی و نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و قەبارەکەی زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینار بوو، پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەڵام لە جێبەجێکردنی یاساکەدا کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروستبووە. راگرتنی نەوتی کوردستان، داهات و خەرجییەکان و مووچە لە دیارترین ئەو کێشانەن، کە هەردوولا یەکدیی پێ تۆمەتبار دەکەن.