دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دادەنیشێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵای تایبەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات. یەکێک لە سکاڵاکاران بە رووداوی گوت، هێزەکانی ئەمریکا سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکەن.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە سبەی دووشەممە، 29ی نیسانی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵا بکات کە داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن.
سکاڵاکان لەلایەن مستەفا سەنەد و باسم خەشان، پەرلەمانتارانی عێراقەوە دژی محەممەد شیاع سوودانی و لـەتیف رەشید تۆمار کراون.
مستەفا سەنەد داوا دەکات دادگەکە بڕیارێکی پێشووی حکومەتی عێراق تایبەت بە رێگەپێدان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە و بڕیار بدات ئەمریکا ئەو شوێن و باڵەخانانە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکاتەوە کە هێزەکانی تێیدا دەمێننەوە.
باسم خەشانیش داوا لە دادگەکە دەکات مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نادروست ناوبێنێت و حکومەت پابەند بکات رێگە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەدات؛ هەروەها داوا دەکات ئەمریکییەکان قەرەبووی بەکارهێنانی ئەو شوێن و دامەزراوانە بکەنەوە کە چەندین ساڵە لە عێراق بەکاریان دەهێنن.
ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراق و سووریا نزیکەی 3500 سەرباز و راوێژکاری هەیە و نزیکەی 2500یان لە هەرێمی کوردستان و عێراقن.
مستەفا سەنەد ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێزەکانی ئەمریکا سەرئێشەن بۆ عێراق. ئەوان جگە لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات، هێرش دەکەنە سەر رۆڵەکانی ئەم وڵاتە و دەیانکوژن."
مەبەستی مستەفا سەنەد هێرشی هێزەکانی ئەمریکایە کە لە ساڵانی 2023 و 2024دا کە لانیکەم چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر بەشێک لە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون.
لە ساڵی 2003، هێزەکانی ئەمریکا هاتنە عێراقەوە و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هێنا؛ لە ساڵی 2011 بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کشانەوە؛ لە ساڵی 2014 بۆ یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی دژی داعش گەڕانەوە عێراق.