رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پارتى سەروەرى لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی راگەیاند: "برایان لە هەرێمى کوردستان پایەیەکى بنەڕەتى پرۆسەى سیاسین" و دۆزینەوەى داڕشتەیەک بۆ لێکتێگەشتنى هاوبەش لە نێوان لایەنەکان وڵات لە سەقامگیرى نزیک دەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى کۆبووەوە. نوسینگەى رۆژنامەڤانیی ئەو پارتە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە چەند دۆسیەیەکى سیاسییان تاوتوێ کردووە، لە پێش هەموویانەوە پڕکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کە لە زیاتر لە پێنج مانگە بە چۆڵى ماوەتەوە.
لە 27ى نیسانەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەغدایە. بەشدارى کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبکردنى دەوڵەتى کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق کۆبووەوە، خەمیس خەنجەر یەکێکیان بوو.
پارتى سەروەرى رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانى بە خەمیس خەنجەرى گوتووە، ئەو سەردانە بەردەوامى تێڕوانینى هەرێمى کوردستانە بۆ کردنەوەى دەرگاى دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ گەیشتن بەچارەسەرى سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان."
لەو سەردانەدا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى داوەرى عێراق کۆبووەوە، پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە خەمیس خەنجەر بە نێچیرڤان بارزانى گوتووە: "برایان لەهەرێمى کورستان پایەیەکى بنەڕەتى پرۆسەى سیاسین" و دۆزینەوەى داڕشتەیەک بۆ لێکتێگەشتنى هاوبەش لە نێوان لایەنەکان دەستکەوتەکانى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى زیاد دەکات و وڵات لە سەقامگیرى نزیک دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ