24 کاژێری نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا؛ کۆبوونەوە بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان

رووداو دیجیتاڵ 


گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا دەخاتەڕوو و دەڵێت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پرسی هەڵبژاردن و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناودەبات.
 
رۆژی یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "لە دوو رۆژی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەردانی دامەزراوە فیدراڵییەکانی کرد و بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "هیچ هۆکارێک نییە مەترسیی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروستبکات. مووچە چارەسەر دەبێت و ئەم دڵنیاییە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە مووچەخۆران دەدرێت." 
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت: "لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنووسسازی پەیوەست بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوتوێکران، هاوکات هەڵسانگاندن بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و هاتنی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا."
 
 
مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو بابەتانەی بەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر جێی بایەخ بوون، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەری کۆتایی بابەتی مووچە بوو و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکە لەو پرسانە بوون کە لە کۆبوونەوەکاندا بایەخیان پێدرا".
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، "لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەڵوەستەیەکی جیدی لەسەر پرسی ئەمنی و ئەو هەڕەشانە کراوە کە جاروبار رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە کە دوایین هەڕەشەیان هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بوو کە زیانێکی گەورەی بە ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاند."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە: "تێگەیشتنێکی هاوبەش هەبوو بۆ سەرجەم ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکان تاوتوێکران و سەرجەم ئەوانەی لە سەردانە دوو رۆژییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵیان کۆبووەوە، دووپاتیان لەوە کردەوە کە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی لەسەری پێکهاتووە و پێداگریشیان لە پارێزگاریکردن لە دەستوور و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئێستاش بۆ جێبەجێکردنی وردەکارییەکان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە".
 
 
بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران
 
لەبارەی بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق رایگەیاندبێت، تەنیا لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و رەشیدەوە فەرمانبەران بتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی عێراقی و دامەزراوەکان دەڵێن گرنگ ئەوەیە گەرەنتی ئەوە بە هاووڵاتی بدرێت مووچەکەی لە رێگەی بانکەوە وەربگرێت و سەرجەم ئەو بانکانەش کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشانکراون، لە رێگەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەیان پێدراوە."
 
 
پێویستە "سەرجەم لایەنەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن"
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئێستا پەیوەندیدارە بە سەرجەم عێراقەوە، بۆیە سەرجەم لایەنە فەرمی و سیاسییەکان گرنگی بەو بابەتە دەدەن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگرە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لایەنەکان تێیدا بەشداربن و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت".
 
لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دڵشاد شەهاب پێیوایە "هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەو قۆناخە ناسکەی ئێستا هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، لەوە چارەنووسسازترە کە لەسەر وادەیەکی هەڵبژاردن یان دواخستن یان رێکارێکی تەکنیکی هەڵوەستە بکرێت، بۆیە ئێستا تێگەیشتنی باش هەیە و سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆکن لەسەر ئەوەی کەشێکی وا بخوڵقێت کە سەرجەم لایەنەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن".
 
دووەم رۆژی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی
 
ئەمڕۆ له‌ دووه‌م رۆژى سه‌ردانيدا بۆ به‌غدا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هەریەک لە سه‌رۆککۆمار، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، سه‌رۆكى پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت و راوێژكارى ئاسايشى نيشتمانى و ژماره‌يه‌ك سه‌ركرده‌ى عێراق کۆبووەوە.
 
نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ هەریەک لە عه‌ممار حه‌کیم، سه‌رۆکی ره‌وتی نیشتمانیی حیکمه‌؛ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووتری عێراق؛ سابت ئه‌لعه‌بباسى، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی حه‌سمى نيشتمانى؛ نوورى مالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا؛ هادی عامری، سه‌رۆكى رێکخراوی به‌در؛ موسه‌ننا سامه‌ڕایی، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی عه‌زم؛ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیی نه‌سر؛ عه‌بدولساده‌ فرێجى، ئه‌ميندارى گشتيى هاوپه‌يمانيى نه‌هجى نيشتمانيى عێراقى و خه‌ميس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى سياده‌، دۆخى عێراق و كێشه‌كانى هه‌ولێر به‌غداى تاوتوێ كرد. 

 

 
هەرێمی کوردستان "ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"
 
لەو کۆبوونەوەکانی نێچيرڤان بارزانى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دووپات كردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا دووپاتیکردووەتەوە‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ ‌حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌کانی عێراق به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور".
 
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا؛ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداى به‌ كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و پێشكه‌وتن بۆ ته‌واوى عێراق زانى، بۆ ئه‌مه‌ش جه‌ختى له‌ پێويستى و گرنگيى به‌رده‌واميى په‌يوه‌نديى نێوان هه‌موو لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌.
 
لایەنە سیاسییەکانی عێراق "پشتیوانی لە چارەسەری کێشەکان دەکەن"
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە؛ "لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، سه‌ركرده‌ى هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان، پشتگيريى خۆيان بۆ هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى."
 
هاوکات، "ستايش و پێزانينيان بۆ هه‌وڵه‌كان و رۆڵى نێچيرڤان بارزانی له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و به‌رده‌واميى سه‌ردان و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا، دووپات كرده‌وه".
 
 
قاسم ئەعرەجی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا، لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. ئەعرەجی سوپاسی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى له‌ ئه‌نجامى لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕووى عێراق ده‌بنه‌وه‌، تاوتوێ كران.
 
وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، قاسم ئەعرەجی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئارامى و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى ناوچه‌كانى عێراق پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌.

 

 
هەروەها "ستايشى رۆڵى نيشتمانيیانه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد له‌ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان."
 
خەمیس خەنجەر بۆ نێچیرڤان بارزانى: برایان لە هەرێمى کوردستان پایەیەکى بنەڕەتى پرۆسەى سیاسین
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى کۆبووەوە. نوسینگەى رۆژنامەڤانیی ئەو پارتە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە چەند دۆسیەیەکى سیاسییان تاوتوێ کردووە، لە پێش هەموویانەوە پڕکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کە لە زیاتر لە پێنج مانگە بە چۆڵى ماوەتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە خەمیس خەنجەر بە نێچیرڤان بارزانى گوتووە: "برایان لەهەرێمى کورستان پایەیەکى بنەڕەتى پرۆسەى سیاسین" و دۆزینەوەى داڕشتەیەک بۆ لێکتێگەشتنى هاوبەش لە نێوان لایەنەکان دەستکەوتەکانى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى زیاد دەکات و وڵات لە سەقامگیرى نزیک دەکاتەوە.
 
مالیکی: گەشبینم بەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی
 
نووری مالیکی، لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەڤانان دوا و رایگەیاند "سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێز و پتەوی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گەشبینم بەم سەردانە و ئەو پیاوە چارەسەری لەگەڵ خۆی هێناوە."

 

 
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش مالیکی جەختی کردەوە لەوەی پێدانی "مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت."