رووداو دیجیتاڵ
لە دژی "نادەستووریبوون"ی دوو مادە لە پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی، پارێزەرێکی کورد سکاڵای لە دژی سەرۆکی دادگە تۆماردەکات، دادگەکە لە ماوەکانی داهاتوودا رۆژی دادبینییەکە دیاریدەکات، یەکێک لە مادەکان پەیوەندیی بە یاسای بودجەوە هەیە.
پارێزەر ئازاد دۆسکی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024 لە دژی" نادەستووریبوون"ـی دوو مادە لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی، سکاڵای لەسەر دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەکە تۆمار کرد، سکاڵاکە لەو مادانە کراوە کە پەیوەندییان بە یاسای بودجە و شیکردنەوەی دەستوورەوە هەیە.
ئەو پارێزەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکەم وەرگیراوە، ژمارە 122ـی فیدراڵیی هەیە، دەبێت پێڕاگەیاندن بۆ لایەنەکانی سکاڵاکە بڕوات و دواتر رۆژی دادبینییەکە دیاری دەکرێت."
سکاڵاکە لەسەر مادەکانی 22 و 24ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەکە تۆمارکراوە، ئەو پارێزەرە دەڵێت: "داوام کرد هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی ئەوەیان هەبێت تانە لە دەقەکانی یاسای بودجە بدەن، یان داوای شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور بکەن، کە ئەم دوو مافە ئێستا بۆ چەند دەسەڵاتێک قەتیسکراوە، لەکاتێکدا هاووڵاتی خۆی یاساداڕێژەرە و مافی ئەوەی هەیە ئەو کارانە بکات."
بەپێی مادەی 22ـی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی فیدراڵی ئەو لایەنانەی دەتوانن تانە لە دەستوورینەبوونی یاسای بودجە یان هەر دەقێکی بدەن، سنووردارکراوە بە "سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان و سەرۆکایەتی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەت و پارێزگارەکان."
هەرچی مادەی 24ـی پەیڕەوەکەیە باسی داواکردنی شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور لە دادگە دەکات و لەو لایەنانە سنووردارکراوە کە لەسەرەوەدا ئاماژەیان بۆکراوە.
پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی لە 53 مادە پێکدێت، بڕیارەکانی دادگەکە یەکلاییکەرەوەن و ناتوانرێت تانەیان لێ بدرێت یان جێبەجێنەکرێن، بەشێکیان لەلایەن هەندێک لایەنی هەرێمی کوردستانەوە بە "بڕیاری سیاسی" ناو دەهێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ