وەزیری سەرچاوەکانی ئاو: عێراق لەنێو هێڵی هەژاریی ئاودایە

رووداو دیجیتاڵ 

"عێراق لەنێو هێڵی هەژاریی ئاودایە"، ئەمە نوێترین لێدوانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراقە.
 
عەون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا هۆشداریی لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کەرتی ئاو لە وڵاتەکەی دا: "عێراق بە دەست کەمیی سەرچاوەکانی ئاوەوە دەناڵێنێت و چووەتە نێو هێڵی هەژاریی ئاوەوە." 
 
عەون زیاب عەبدوڵڵا گوتی: "پێشتر دۆخی عێراق بەم جۆرە نەبوو؛ ئەوەش وامان لێدەکات تیشک بخەینە سەر ئەم کێشەیە. گرنگە هەموو وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ لە دادپەروەری لە دابەشکردنی ئاو لە رووبارە هاوبەشەکان پشتیوانیمان بکەن."
 
وەزیرەکەی عێراق، ئەو قسانەی لە تەنیشت ژمارەیەک لە وەزیرانی سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵی ژمارەیەک وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە چوارەم کۆنفرانسی بەغدا بۆ ئاو کرد. 
 
کۆنفرانسەکە رۆژی شەممە دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
10 رۆژ لەمەوبەر ئەو وەزیرە لە دیداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتی: "لە ساڵی 2035 زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا کورتهێنانمان لە سەرچاوەی ئاو دەبێت، کەواتە کەلێنێکی زۆر لە خستنەڕوو و خواست لەسەر ئاو هەیە."
 
هێڵی هەژاریی ئاو، واتە بەشێک لە هاووڵاتییان لە وڵاتێک دەستیان بە ئاو ناگات.
 
بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، پشکی هەر تاکێک لە ئاوی شیرین 10٪ـی تێكڕای بەکارهێنانی ئاوە لەلایەن ئەو کەسەوە کە ساڵانە دەگاتە هەزار مەتر پێ سێجا؛ دەستڕانەگەیشتن بەو بڕە کەسەکە و وڵاتەکە دەخاتە نێو هێڵەکەوە.
 
عەون زیاب عەبدوڵڵا پەسنی ئامادەبوونی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کرد؛ لەبارەی تورکیاشەوە گوتی: "شاندێکی تورکیا لە کۆنفرانسەکە ئامادەن، بەڵام لەسەر ئاستی زۆر باڵا نییە. لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری تورکیا و شاندەکەی وتوێژی روون و ئاشکرامان لە بواری ئاو هەبوو". 
 
دیجلە و فورات لە باکووری کوردستانەوە دەڕژێنە نێو باشووری کوردستان و عێراقەوە و دابینکەری سەرەکی ئاوی باشووری کوردستان و عێراقن. وەزیرەکەی عێراق روونتر باسی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیای بۆ بەغدا و رێکەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "رێککەوتنەکە لەگەڵ تورکیا بڕگە و بڕیاری زۆر گرنگی تێدایە؛ ئومێدی جێبەجێکردنی دەکەین".
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هەروەها رایگەیاند: "هەوڵمان دا کۆنفرانسەکە گشتگیر، فراوان و هەمە لایەن بێت. مەبەست گەیشتنە بە ئەنجامی باش لە بەڕێوەبردنی ئاو".