عێراق
دیمەنێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەیەک کە داعشی تێدا بووە و ئاڵا و ئاماژەی خۆیان تێدا نووسیوە.
رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کوژرانی بەرپرسی گواستنەوەی چەکدار و چەک و تەقەمەنیی رێکخراوی داعشی راگەیاند کە بەرپرس بووە لە گواستنەوەیان لەنێوان عێراق و سووریا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگێیندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا سەرکردەیەکی داعشیان بە ناوی سەمیر شەریف نەمراوی، کە بەرپرسی گواستنەوەی چەکدارانی داعش و چەک و تەقەمەنی و کەرەستە و تەقەمەنی بووە لە رێکخراوەکە لە نێوان عێراق و سووریا لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە، کوشتووە.
ئۆپەڕاسیۆنەکە دوای دەستکەوتنی زانیاریی وردی هەواڵگری و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزە هاوبەشەکان بووە.
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، "بەرپرسە کوژراوەکەی داعش دەستی هەبووە لە کوشتنی چەندین عێراقی و بەرپرسێکی دیاری داعش بووە لە پارێزگای ئەنبار".
شانەکە ناوی ئەو سەرکردە کوژراوەی داعش و وێنەشی بڵاوکردووەتەوە و بەڵێنیشی داوە بەدوای سەرکردەکانی دیکەی داعشیشدا بڕوات.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و کۆنتڕۆڵی کرد و لە 2017 کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق هێنرا. مەزەندە دەکرێت داعش لەو ماوەیەدا نزیکەی 20 هەزار کەسی کوشتبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ