بارەگاکەی عەمار حەکیم لە بەغدا کێشەی هاتووچۆی بۆ 100 هەزار کەس دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە دەکات شەقامێکیان بۆ چۆڵ بکەن کە لە ساڵی 2003وە گرتوویەتی، لە نووسراوەکەدا هاتووە، کردنەوەی ئەو رێگەیە لەسەر ئەو شەقامە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیاتر لە 100 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابی دەکات.
 
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن عەلی رەزوقیی لە بری بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە 5ـی ئەم مانگە ئاڕاستەی نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کراوە، داوای لێدەکات ئاسانکاریی کاری لیوا جاسم یەحیا عەبد عەلی، ئەفسەری هاوئاهەنگیکاری پڕۆژەکانی کردنەوەی رێگەکان بکات بەمەبەستی کردنەوەی رێگەی بەنداوی نازمییە کە لەلای یانەی ئەسپسوارییەوە دەستپێدەکات لە نێو شاری بەغدا تاوەکو دەگاتە بەنداوی نازمییە.
 
لە نووسراوەکەدا، داواکراوە رێگەکە بکرێتەوە کە قەرەباڵخی بۆ 73 هەزار قوتابی، 14 هەزار قوتابیی خوێندنی باڵا، 7 هەزار و 500 مامۆستا و شەش هەزار فەرمانبەر دروستکردووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری داواکارییەکەی نووسینگەی سوودانی لە عەمار حەکیم بەهۆی بوونی بارەگای سەرەکی مانەوەی عەمار حەکیم لەو شوێنە دەگەڕێتەوە، کە لە شەقامێکدایە بووەتە هۆی دابڕین و گرتنی دوو یەکتربڕ لە ماوەی نزیکەی 700 بۆ 800 مەتر و لە ساڵی 2003وە بەهۆی ئەو بارەگایەی حەکیم شەقامەکە داخراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2-3-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 16 پڕۆژەی بۆ نەهێشتنی قەرەباڵخیی شەقامەکانی بەغدا راگەیاند، کە چەندین پرد و دروستکردنی شەقام و یەکتربڕ لەخۆدەگرێت.
 
ئەو پڕۆژانە بەشێکیان دەستیانپێکراوە و بەشێکی کەمیان تەواو بوون، بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانبەر بەیانیان پێویستی بە دوو کاژێر مانەوە لە ئۆتۆمبێل هەیە بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی کارەکەی.