دادگەی فیدراڵی داوایەکی راکان جبووری رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدڕاڵی، داوایەکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لەبارەی سوێندخواردنی خۆی و دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتکردەوە.
دادگەکە دوو هۆکار بە پاساو دەهێنێتەوە و دەڵێت، ئەو روونکردنەوەیەی جبووری دەیەوێت لە تایبەتمەندێتی ئەوان نییە و ئەگەری هەیە ناکۆکی دروست بکات.
بەپێی بڕیارەکە کە دوای کۆبوونەوەیەکی دادگەی فیدڕاڵی لە 13ـی ئەم مانگە دراوە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت داوای لە دادگەی باڵای فیدڕاڵی کردووە بۆچوونی لەسەر یاساییبوونی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگا روونبکاتەوە.
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت داوای لە دادگەکە کردووە بۆی روونبکاتەوە ئەو 30 رۆژەی بەپێی یاسا وەکو وادە دیاریکراوە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن تاوەکو سوێندی یاسایی تێدا بخۆن لە دوای ئەو دانیشتنەوەیە کە رۆژی دووشەممە 5ـی شوباتی 2024 بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانەوە نەکرا، یان ئەو دانیشتنە بە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن هەژمار ناکرێت.
دادگەی فیدڕاڵی داواکەی راکان جبووری رەتکردووەتەوە و ئامادە نەبووە هیچ شیکردنەوە و رایەکی خۆی لەوبارەیەوە پێبڵێت، پاساویشی بۆ ئەوە ئەوەیە ئەو داواکارییە بەپێی مادەکانی 52 و 93ـی دەستووری عێراق و مادەی 4ی یاسای دادگە و هەندێک یاسای دیکەش لە تایبەتمەندێتی دادگەکە و دەسەڵاتەکانی نییە.
جگە لەوەش هۆکارێکی دیکەی رەتکردنەوەی داواکاری راکان جبووریی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی دادگە نییە وەڵامی شیکردنەوەیەک بداتەوە کە لەلایەن یەکێک لە دەسەڵاتەکانی فەرمیی یان سەندیکا و یەکێتییەکانەوە بۆی بڕوات، بەتایبەت ئەو بابەتەی جبووری باسی دەکات کە بەلای دادگەکەوە رەنگە لە داهاتوودا ناکۆکی دروست بکات.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی داواکارییەکەی راکان جبووری، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستە ئێمە لەسەر داوای پارێزگاری بە وەکالەت و بەپێی یاسا ئامادەی کۆبوونەوە بووین و فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و کلدان ئامادەی کۆبوونەوە بووین، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادە نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە بە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن هەژمار ناکرێت".
رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو. تائێستا تەنیا پۆستی پارێزگاری کەرکووک و دیالە ماوە یەکلایی بکرێنەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، کە 7 کورد، 6 عەرەب، 2 تورکمان و کۆتای کریستیان.
تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە کۆببێتەوە و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگر و پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێرێت.