رووداو دیجیتاڵ
لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەدژى هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان خۆپێشاندان کرا. خۆپێشاندەران بارەگاى بەشێک لە پارتە سیاسییەکان و نووسینگەکانی پەرلەمانیان سووتاند.
شەوى رابردوو، 27ـی ئادارى 2023، لە هەریەک لە پارێزگاکانى زیقار، دیوانیە، نەجەف و بابل خۆپێشاندان لە دژى هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان کرا، کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە هەموار کرایەوە.
خۆپێشاندانەکان لەدژى سیستمى سانت لیگۆ بوو بۆ دیاریکردنى براوەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان و کەمکردنەوەی بازنەکانی دەنگدان لە 83 بازنەوە بۆ 18 بازنە، کە پەرلەمان لە 27ى ئادار دەنگى لەسەردا، بەگوتەى پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەو سیستمە لە بەرژەوەندیى پارتە باڵادەستەکانە.
محەممەد یاسین یەکێک لە سەرپەرشتیارانى خۆپێشاندانەکانى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "خۆپێشاندەران سەرجەم بارەگاى پارتە سیاسییەکانیان لە زیقار داخستووە یان سووتاندوویانە، خێوەتى مانگرتنیان لە گۆڕەپانى حەبوبی شارى ناسریەى ناوەندى پارێزگاى زیقار هەڵداوە."
لە پارێزگاى دیوانیە خۆپێشاندەران وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەموارى یاساکە، نووسینگەى پەرلەمانى عێراقیان لەو شارەدا سووتاند.
لە پارێزگاى بابلیش خۆپێشاندەران بە سووتاندنى تایە لەسەر شەقامە گشتییەکان ناڕەزایەتیان لەدژى ئەو هەموارە دەربڕى.
خۆپێشاندانەکان لەلایەن تشرینییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن لەدژى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، تشرینییەکان پەیڕەوکردنى سیستمى سانت لیگۆ بە دژایەتیکردنی خواستی سەرەکى خۆپێشاندەرانى ساڵى 2019 دەزانن، کە داوایانکردبوو ئەو سیستەمە هەڵبوەشێندرێتەوە.
سانت لیگۆ جێگەى ناڕایی پەرلەمانتارانى ئۆپۆزیسیۆن و سەربەخۆیە کە بەهۆیەوە دەنگیان بە هەمواری یاساکە نەدا.
محەممەد یاسین رایگەیاند، پلانیان وایە رۆژى هەینى 31ى ئادار خۆپێشاندان و مانگرتن لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ