وەزارەتی بەرگریی عێراق: 3 ئەندامی داعشمان لە ئەنبار و کەرکووک دەستگیرکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی زیادبوونی جموجوڵەکانی داعش لە بەشێکی عێراق، چەند ئۆپەراسیۆنێک لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە دەستی پێکردووە، وەزارەتی بەرگریی عێراقیش دەستگیرکردنی سێ "تیرۆریستی ترسناک"ـی لە ئەنبار و کەرکووک راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا باسی دەستیگرکردنی چەکدارەکان دەکات و تێیدا هاتووە، "بەپێی زانیاریی ورد لەبارەی بوونی تیرۆریستێکی شانە نووستووەکان، کە زانیاری سەبارەت بە جوڵەی هێزە ئەمنییەکان بۆ داعشەکان دەگواستەوە، تیمەکانی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی فیرقەی حەوت و فەوجی دووی لیوای 30ـی پیادە ئەو تیرۆریستەیان لە شارەدێی رومانە لە باکووری شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرد، کە بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە وەزارەتی بەرگری راشیگەیاند: "هەر لە ئەنبار، تیمەکانی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی فیرقەی یەک و فەوجی هەواڵگریی هەمان فیرقە تیرۆریستێکی ترسناک و داواکراویان لە شارۆچکەی روتبە دەستگیرکرد، کە پێشتر زانیاری دەدایە داعش سەبارەت بە کارمەندانی هەڵاتووی پۆلیس لە دەستی داعش بۆ ئەوەی ناچار بکرێن پەشیمانبوونەوەیان رابگەیێنن".
 
هەروەها وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەشی بەوە کرد: "هەروەها لە گوندی عۆن لە شارەدێی زاب لە شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، تیمەکانی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی فیرقەی 14 تیرۆریستێکیان دەستگیرکرد، ئەندامی فیرقەی کەواسری داعشە و بەپێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوە".