هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی K1 دەکشێنەوە

 
 
 
رووداو - کەرکووک

سه‌ربازگه‌ی k1 ده‌كه‌وێته‌ باكوری رۆژئاوای شاری كه‌ركووكه‌وه‌. یه‌كێك‌ بوو لەو‌ سێ سه‌ربازگەیه‌ی هاوپه‌یمانان كه‌ به‌ ئاسانی مووشه‌كی گرووپه‌ نزیكه‌كانی ئێرانی پێده‌گه‌یشت. ئێستا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بوونه و سه‌ربازه‌كان چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی كشانه‌وه‌ن.
 
بیانووی كشانه‌وەی هاوپه‌یمانان له‌ كه‌ركووك هه‌مان بیانووی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیانه‌ له‌ گەیاره‌ و قائیم كه‌ كۆتاییهاتنی داعشه‌، به‌ڵام له‌ راگەیێندراوی كشانه‌وه‌یاندا له‌ گەیاره‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ له‌كاتی دروستبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی ئه‌و رێكخراوه‌، ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی دژ به‌ داعش.
 
 کۆلۆنێڵ مایلز كاگینز، گوته‌بێژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوپەیمانان لە 2014 بۆ یەک ئامانج هاتنە ئێرە، چەندین وڵات بۆ ئەو ئامانجە یەکیان گرت، ئەویش تێکشاندنی داعشبوو. ئێستا ئێمە وەکو هاوبەشێك بۆ تێکشاندنی چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش دەمێنینەوە، هیچ هۆکارێکی دیکە لەپشت مانەوەمان لێرە نییە". 
 
كشانه‌وە لە هیچ كام له‌و دوو سه‌ربازگه‌یه‌ هێنده‌ی k1 بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان به‌ مه‌ترسی نابینرێت. گونده‌ كاكه‌ییه‌كان له‌ سنووری داقووق دۆخه‌كەیان‌ جیاوازتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی هاوپه‌یمانان و هێزه‌ عێراقییه‌كان باسی ده‌كه‌ن.
 
ره‌جه‌ب كاكه‌یی، خه‌ڵكی عه‌لی سه‌رایه‌ و گونده‌كه‌ی به‌درێژایی شه‌ری داعش هاوسنوور بوو له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌دا. پێشمه‌رگه‌ به‌پاڵپشتیی هاوپه‌یمانان رێگه‌ی نه‌دا داعـش گونده‌ كاكه‌ییه‌كان و داقووق كۆنترۆڵ بكات، به‌ڵام ئێستا خه‌می ئه‌وان له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی 2014یه‌ كه‌ سوپای عێراق ناوچه‌كه‌ی بۆ داعش جێهێشت.
 
ره‌جه‌ب كاكه‌یی، چالاكڤانی مه‌ده‌نییە و دەڵێت، "ئەم سنوورە بە رووی حەمریندا کراوەیە. بەدرێژایی حەمرینیش لە پاکنەکراوەتەوە. هێزە ئەمنییە عێراقییەکانیش تەنیا رێگەوبانەکان دەپارێزن. بەڕاستی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان ئێمەی نیگەران کردووە".
 
پێشمه‌رگه‌ به ‌فه‌رمی ئاگاداری كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان نییه‌. پێیشیان وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان، ئه‌وه‌ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان كاریگه‌ریی خراپ و مه‌ترسیداری له‌سه‌ر كه‌ركووك ده‌بێت.
 
نوری حه‌مه‌عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركووك ئاماژە بەوە دەکات، "بێگومان کشانەوە لە بنکەی سەربازیی K1 کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت. پێویستە عێراق لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی بێتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە کە دروستدەبێت".
 
300 سه‌ربازى هاوپه‌یمانی له‌ قائیم و 800 سه‌رباز له‌ سه‌ربازگه‌ی گەیاره‌ كشێنراونه‌ته‌وه‌. به‌شێك له‌و سه‌ربازانه‌ ره‌وانه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كران له‌ ئه‌نبار، به‌شێكی دیكه‌شیان بۆ هه‌ولێر. هێشتا به ‌فه‌رمی نه‌خراوه‌ته‌ روو، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ندێك له‌ سه‌ربازه‌كانی سه‌ربازگه‌ی K1 ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌كرێن.