سکاڵایەک لە دادگەى فیدراڵى بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان تۆمارکرا
رووداو دیجیتاڵ
سکاڵایەکى نوێ لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تۆمار کرا بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق و دەرکردنى سێ بڕیارى کاتیی پەیوەندیدار بەو پشکە.
سکاڵاکە رۆژی 27ـی شوباتی 2024 لە دژى نەناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە، لە دادگەکە تۆمارکراوە.
سکاڵاکار، پارێزەر ئازاد دۆسکییە، سکاڵالێکراوانیش بریتین لە سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، وەزیرانى نەوتى عێراق و سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان.
لەو سکاڵایەدا ئازاد دۆسکی داواى کردووە دادگە سکاڵالێکراوان ناچاربکات چوار مادەى تایبەتى یاساى بودجەى گشتیی 2023 جێبەجێ بکەن، کە تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان.
ئازاد دۆسکى، پارێزەر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەبێت بەگوێرەى دەستوور پشکى هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت، لە مادە 121ـی دەستووردا ئاماژە بەوە دراوە کە بەشێک لە داهاتى فیدراڵى تەرخان دەکرێت بۆ هەرێم و پارێزگاکان.
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق بە 12.67% دیاریکراوە، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
ئازاد دۆسکى گوتی، سکاڵاکەى تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان و نەناردنى، بەشێکى داواکارى دەرکردنى بڕیارى کاتییە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و عێراق و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، کە تایبەتە بە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى سکاڵاکەدا داوا لە دادگە کراوە فەرمانێکى کاتى بۆ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەربکات بۆ ئەوەى ناچارى بکات بە جێبەجێکردنى بڕگەى حەوتى مادەى 13ـی یاساى بودجە کە ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر ناکۆکى لە تێڕوانینى نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەبوو لە بارەى پابەندبوونەکانى نێوانیان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لە 30 رۆژدا لە رێگەى لێژنەى نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەکرابێت، پێویستە پەرلەمان بڕیارى پێویست لەو بارەیەوە دەربکات.
بڕیارێکى دیکەی کاتی، کە سکاڵاکارەکە داوای لە دادگەى فیدراڵى کردووە، دەریبکات ئەوەیە؛ سەرۆکوەزیرانى عێراق ناچار بکات بە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئەوکاتەى یاساى بودجەى هەموار دەکرێتەوە.
داواى دەرکردنى بڕیارى کاتیی سێیەم، لەدژى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەى دادگە ناچارى بکات بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بە بەغدا، لە بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لە یاساى بودجەدا هاتووە.
ئازاد دۆسکى گوتى "بۆ ئەوە داوام کردووە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان یان ئەو کەسەى کە بریکارى دەکات، بێتە بەردەم دادگەى فیدراڵى، تاوەکو روونبێتەوە هۆکار چییە 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەى رادەست نەکردووە، کە ئایا هۆکارەکە خۆیەتى یان هۆکارى دیکە هەیە."