پسپۆڕێکی جیۆلۆجیی عێراقی: 8ی ئادار بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ژاپۆن و ئیندۆنیزیا روودەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی جیۆلۆجی کە مامۆستایە لە زانکۆی بەغدا، پێشبینی دەکات 8ی مانگی داهاتوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ژاپۆن و ئیندۆنیزیا رووبدات و دەڵێت، "زیانەکانی لە زیانی بوولەرزەکەی 6ی شووبات کەمتر دەبێت." گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، "تائێستا هیچ ئامێرێکی پێشبینکردنی بوومەلەرزەمان نییە، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەو زانیارییانەی بڵاودەکرێنەوە دروستن."
 
د. ساڵح محەممەد عەوەز، پسپۆڕی جیۆلۆجی و مامۆستای بەشی زانستەکانی زەویناسیی زانکۆی بەغدا دەڵێت، 8ی ئاداری 2023 "بوومەلەرزەیەکی بەهێز" روودەدات، چونکە "لەو رۆژەدا زەوی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی راکێشانی ئەستێرە گەورەکانەوە و ئەوەش وادەکات خێرایی زەوی زیاد و کەم بکات و دەبێتە هۆی دروستکردنی جووڵە لە پلێتەکانی ناوچەکە، ئەوەشی مەترسیی گەورەیە ئەو جووڵانەیە، کە لە پلێتە بچووکەکانی ژێر وڵاتانی ژاپۆن و ئیندۆنیزیا روودەدەن، چونکە دۆخی مانگ هەمان ئەو دۆخەی دەبێت کە لە رۆژی 6ی شوبات هەیبوو."
 
هەرچەندە بە گوتەی د.ساڵح محەممەد عەوەز بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکەی 8ی ئادار "بە‌هێز" دەبێت، "بەڵام زیانەکەی کەمتر دەبێت لەو بوومەلەرزەیەی کە لە 6ی شووبات لە تورکیا [و باکووری کوردستان] روویدا، ئەویش بەهۆی دووریی ئەستێرەکانی زووهرە و موشتەری و مەریخەوە."
 
ئەو پسپۆرە بە پشتبەستن بە لێکدانەوە فیزیاییەکان دەڵێت، "ئەگەری رووداوی بوومەلەرزە لە رۆژی 8ی ئادار بە رێژەی 70% هەیە."
 
سەبارەت بە پلێتی ئەنادۆڵیش، ئەو زانا عێراقییە روونیدەکاتەوە، "پلێتی ئەنادۆڵی لاواز و مەترسیدارە، بوومەلەرزەکان بەهۆیەوە لە تورکیا زۆر بوون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 بوومەلەرزە و پاشلەرزە لەو پلێتە روویداوە."
 
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیان و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شووباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 44 هەزار و 218 کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 هەزار و 505 کەس بریندار بوون، لە سووریاش 6000 کەسی تێپەڕاندووە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، لەبارەی پێشبینییەکانی ئەو پسپۆڕە عێراقییە بە رووداوی گوت، "هیچ ئامێرێک بۆ پێشبینیکردنی روودانی بوومەلەرزە نییە، بۆیە ناتوانین پشتی پێ ببەستین و ناشتوانین رەتیبکەینەوە کە لەو رۆژەدا بوومەلەرزە روونادات."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەشڵێت، "هەندێک لێکدانەوەی فیزیایی هەن بە پشتبەستن بە جووڵەی ئەستێرەکان و زەوی، دەکرێت دروست ببن، بەڵام ناشکرێت بڵێین 100% پشت پێ بەستراون."